لە سنووری سلێمانی لێکۆڵینەوەیەکی چڕ دەستی پێ کردووە، بەهۆی دەرچوونی کوێخا دێرینیش چەند کەسێک گیراون و هەڕەشەیش لە چەند کەسێکی نزیکی کراوە.
لە چەند رۆژی رابردوو بەهۆی رێککەوتنی نێوان ماڵی کۆسرەت رەسووڵ و بافڵ تاڵەبانی، ماڵی کوێخا دێرین کە هێشتا دیار نییە بەهۆی چییەوە بووە تەقێنرایەوە، بەڵام ئاشکرا بوو هەر خۆیان رێگەیان بۆ کردووەتەوە کە بڕوات و گەیشتە لەندەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی وشە، لە سلێمانی زیاتر لە شەش کەس گیراون بەهۆی هاوکاریکردنی کوێخا دێرین لە کاتی رۆیشتنی.
سەرچاوەیەک بە وشەی گوت، سێ لەوانە لە بازگەی دەرچوونى سلێمانی بۆ کەرکووکن و سێی تریش هاوکار بوونە لەو پڕۆسەیە.
هەمان سەرچاوە دووپاتی کردەوە، لە فڕۆکەخانەی کەرکووک دەست بە لێکۆڵینەوە کراوە و بەغدا لەو کارە ئاگادار کراوەتەوە.
کوێخا دێرین، دۆسیەیەکی چڕی ناو یەکێتییە و پێدەچێ سەرەتای کێشەیەکی نوێی نێوان باڵەکان و تەسفییەی چەند کەسێک بێ.