ژنه‌ 14 ساڵییه‌كه‌ی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی باس له‌ ژیانه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی ده‌كات

:: PM:12:00:18/02/2024 ‌
له‌ دیمانه‌یه‌كدا سێیه‌مین ژنی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی سه‌رۆكی كوژراوی داعش، به‌ وردی باس له‌و ژیانه‌ ده‌كات كه‌ خۆی یان به‌غدادی به‌سه‌ریان بردووه‌. ئه‌و دیمانه‌یه‌ دوای ئه‌وه‌ دێ كه‌ پێشتر دیمانه‌ی یه‌كه‌مین ژنی به‌غدادی بڵاو بووه‌وه‌ و قسه‌وباسێكی زۆری له‌ میدیاكاندا دروست كرد، هه‌ندێك به‌ قوربانی و هه‌ندێكی تریشیان به‌ تاوانبار ئاماژه‌یان پێ ده‌كردن.

پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنیی كه‌ناڵی "عه‌ره‌بیه‌" ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 18ی شوبات، ئه‌و دیمانه‌یه‌ی "نوور ئیبراهیم"ی بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ سێیه‌مین ژنی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی بووه‌ و ته‌مه‌نی ته‌نیا 14 ساڵ بووه‌ كاتێك خواستوویه‌تی. له‌و دیمانه‌یه‌دا نوور باس له‌ فره‌ژنی به‌غدادی ده‌كات و ده‌ڵێ، بۆ هه‌ر ژنێكی له‌ ماوه‌ی دوو مانگدا دوو رۆژ سه‌ردانی ده‌كردن، جیا له‌ كه‌نیزه‌كه‌كانی.

ژنه‌ 14 ساڵییه‌كه‌ی به‌غدادی ده‌ڵێ، كاتێك به‌غدادی ده‌چووه‌ لای ژنه‌كانی، له‌ ماوه‌ی دوو مانگدا ته‌نیا دوو رۆژ له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كێیاندا ده‌مایه‌وه‌، ئه‌ویش به‌ نهێنی و به‌بێ پاسه‌وان به‌ شه‌وان خۆی ده‌كرده‌ ژووره‌وه‌، كاتێكیش ده‌یویست بڕوات، له‌وه‌ دڵنیا ده‌بوو كه‌ فڕۆكه‌ و فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان به‌ ئاسمانه‌وه‌ دیار نه‌بێت یان ده‌نگی نه‌بێت، ئه‌وجا ده‌چووه‌ ده‌ره‌وه‌.

نوور ئه‌وه‌شی گوت، كاتێك ده‌هاته‌ لامان، ده‌چووه‌ ناو ژووره‌ تایبه‌ته‌كه‌ی و ته‌ماشای ته‌له‌ڤزیۆنی ده‌كرد، یان ده‌نوست، هه‌ندێك جاریش بۆ پێداویستییه‌كانی بانگی ژنه‌كه‌ی ده‌كرد، وه‌ك پێداویستی تایبه‌ت یان بۆ خواردن و خواردنه‌وه‌.

نوور باسی له‌ ژیانی خۆی كرد كه‌ چۆن له‌ناو یه‌ك ماڵێكدا له‌گه‌ڵ ته‌واوی ژنه‌كانی به‌غدادی و كه‌نیزه‌كه‌كانی ژیانی به‌سه‌ر بردووه‌، گوتی هه‌میشه‌ كێشه‌ له‌ناو ماڵه‌كه‌ له‌ نێوان ژنه‌كاندا هه‌بووه‌. ئه‌وه‌شی گوت كه‌ خۆی هه‌میشه‌ كێشه‌ی له‌گه‌ڵ ژنه‌ سوورییه‌كه‌ی هه‌بووه‌.

له‌باره‌ی كه‌نیزه‌كه‌كانی به‌غدادی، نوور باسی ئه‌وه‌ی كرد كه‌ هه‌ندێك كه‌نیزه‌ك ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان هه‌بووه‌ و هه‌ڵاتوون. هه‌روه‌ها باوكی خۆی كه‌نیزه‌كه‌كانی بۆ به‌غدادی ده‌هێنا، ئه‌وه‌یش جیاله‌وه‌ی لێیان بێزار ده‌بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا بۆیان خه‌مبار بووه‌.

نوور له‌و دیمانه‌یه‌دا باسی ئه‌وه‌ی كرد كه‌ خۆی كچی فه‌رمانده‌یه‌كی باڵای رێكخراوی تیرۆریستیی داعش بووه‌ به‌ناوی "ئه‌بو عه‌بدوڵا زه‌وبه‌عی"، كاتێكیش هاوسه‌رگیریی له‌گه‌ڵدا كردووه‌، ته‌مه‌نی ته‌نیا 14 ساڵ بووه‌ و دروست ئه‌و رۆژه‌ی خه‌لافه‌تی ئیسلامیی له‌ مووسڵ راگه‌یاند، هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ ئه‌وی خواستووه‌. گوتی ئێمه‌ ژنه‌كانی و نۆ كه‌نیزه‌ك له‌ناو یه‌ك ماڵ پێكه‌وه‌ ده‌ژیاین.

باسی ئه‌وه‌شی كرد كه‌  كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ ژنه‌ سوورییه‌كی به‌غدادی زۆر بوون كه‌ خه‌ڵكی حه‌له‌ب بوو، ئه‌وه‌یش وایكرد به‌غدادی ناچار بوو ژنه‌ سووری و چیچانییه‌كه‌ی له‌ ئێمه‌ جیا كرده‌وه‌ و بردنی بۆ ماڵێكی تر.

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌وان له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌كان و هاوپه‌یمانان له‌ لیستی داواكراوه‌كان بوون گوتی، ئێمه‌ ئه‌وه‌مان ده‌زانی، به‌ڵام ناچار بووین له‌گه‌ڵی بمێنینه‌وه‌.

له‌باره‌ی فره‌ژنیی فه‌رمانده‌كانی تری داعشیشه‌وه‌ نوور پێی وابوو، ده‌وڵه‌تی ئیسلامی كه‌ خۆیان به‌و شێوه‌یه‌ ناویان لێ نابوو، بووبووه‌ ده‌وڵه‌تی ژنه‌كان، چونكه‌ هه‌ر به‌رپرسێكی ناو داعش، چه‌ندان ژن و كه‌نیزه‌كیان هه‌بوو.

نوور دووپات ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كاتێك به‌غدادی ده‌چووه‌ لای ژنه‌كانی، ده‌چووه‌ ناو ژووره‌ تایبه‌ته‌كه‌ی خۆی و به‌ته‌نیا ده‌مایه‌وه‌، مه‌گه‌ر بۆ خواردن و خواردنه‌وه‌ بانگی ژنه‌كانی بكردایه‌، ئیتر كه‌س بۆ لای نه‌ده‌چوو تا شه‌و ده‌هات، ئه‌وكات بانگی ژنه‌كه‌ی ده‌كرد و له‌گه‌ڵی ده‌مایه‌وه‌.

ژیانی ئێمه‌ له‌و ماڵه‌ زۆر تایبه‌ت بوو، به‌غدادی خۆیشی مۆبایلی به‌كار نه‌ده‌هێنا
نوور ده‌ڵێ ژیانی ئێمه‌ له‌و ماڵه‌ زۆر تایبه‌ت بوو، به‌غدادی خۆیشی مۆبایلی به‌كار نه‌ده‌هێنا، ته‌نانه‌ت له‌ ناو ماڵه‌كه‌یشدا هیچ كه‌سێك بۆی نه‌بوو مۆبایل به‌كار بێنێت و بۆ هه‌موومان مۆبایل قه‌ده‌غه‌ كرابوو.

ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی سه‌رۆكی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش بوو كه‌ خۆیان ناویان له‌ رێكخراوه‌كه‌ نابوو خه‌لافه‌تی ئیسلامی له‌ عێراق و سووریا و ئه‌و خه‌لافه‌ته‌ له‌ ساڵی 2014دا له‌ مووسڵ هاته‌ راگه‌یاندن، به‌غدادی به‌ یاساكانی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی كه‌ زۆر توندڕۆ بووه‌، دۆخی ناوچه‌كه‌ی دژوار كردبوو و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س كوژران و سه‌تان هه‌زار كه‌سیش ئاواره‌ بوون. له‌ ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یدا سێ له‌سه‌ر سێی عێراقی داگیر كردبوو.

له‌ ساڵی 2017 سوپای عێراق و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، مۆته‌كه‌ی داعشیان تێكشكاند و ناوچه‌كانیان كۆنترۆڵ كرده‌وه‌. ئه‌وه‌بوو له‌ مانگی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2019دا و له‌ ئۆپراسیۆنێكی تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكا، له‌ پارێزگای ئه‌دلبی باكوری رۆژئاوای سووریا هاته‌ كوشتن.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د