لە شەڕی خەندەقدا زیاتر لە دوو هەزار كەس گیانیان لە دەست دا 12 شاری كوردستان كاول كران

:: PM:01:32:18/02/2024 ‌
هەشت ساڵ بەسەر ئەوەی پەكەكە ناوی نابوو "بەڕێوەبەریی جەوهەری" لە شەڕی خەندەقەكاندا تێدەپەڕێت. شەڕی خەندەقەكان لە ساڵی 2015دا دەستی پێ كرد، لە مانگی گوڵانی 2016دا كۆتایی پێ هات. 

لەم پڕۆسەیەدا لە ڤارتۆ، فارقین، سوور، جزیر، سلۆپی، هەزەخ، نسێبین، شرناخ، كەربۆران، دێرك و گەڤەر سەرجەم، لە 12 ناوچەی كوردان لەلایەن ڕێكخراوی لاوانی YDG خەندەق هەڵكەنران. لەو شارانەی كە خەندەقەكانیان لێ هەڵكەنرا، دواتر بەدەستی دەوڵەتی توركیا كاولكارییەكی گەورە ڕووی دا، بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان، زیاتر لە دوو هەزار كەس گیانیان لە دەست داوە، 12 شار كاول كران، 400 هەزار كەس ئاوارە بوون و زیاتر لە 100 هەزار خانوویش وێران بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان، زۆرترین وێرانكاری لە جزیرێ ڕووی دا، لە ڕۆژانی 14 تا 18 شوبات لە ژێرزەوینەكانی شاری جزیرێ، خەڵك بە زیندوویی سووتێنران، لەو ژێرزەوینانەدا زیاتر لە 200 تەرم دۆزرانەوە، زۆر لە تەرمەكان نەناسراونەتەوە.

هەڵكەندنی خەندەقەكان بڕیارێكی هاوبەشی پەكەكە و باڵەكانی ناو دەوڵەتی تورك و هێزەكانی دەرەوە بوو، خەندەقەكان بە مەبەستی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەریی جەوهەریی پەكەكە هەڵنەكەنران، هەڵكەندنی خەندەقەكان لە دوای كۆتاهاتن بە پرۆسەی چارەسەری نەبوو، بەڵكو خەندەقەكان لە كاتێكدا هەڵكەنران كە هێشتا دانوستانەكانی پرۆسەی چارەسەری بەردەوام بوون. لەم خاڵەدا ئەوەی پێویستە ببینرێت ئەمەیە، ئاكەپە و پەكەكە پێكەوە مێزی دانوستانەكانی "پرۆسەی چارەسەری"یان تێكدا.
 
كاتێك شەڕی خەندەقەكان دەستی پێ كرد، هەڵبژاردنەكانی حەوتی حوزەیران لە توركیا بەڕێوە چووبوون و هەدەپە 80 كورسیی پەرلەمانی بەدەست هێنابوو، بۆ یەكەمجار بوو كە كورد بووبووە خاوەن بنەمایەكی یاسایی بۆ خەباتی مەدەنی.




وشە - سۆران عەزیز