بەپێی ئەو هەواڵانەی كە لە پێگەی چالاكانی رۆژهەڵات و حزبی دیموكراتەوە بڵاو كراوەتەوە، بڕیارە بافڵ تاڵەبانی گەڕێكی تری جێبەجێكردنی فەرمانەكانی سوپای پاسدران جێبەجێ بكات و خەندەقێكی گەورە بە دەوری كەمپی "ئازادی -2"ی لێبدرێت كە ژن و منداڵ و پێشمەرگەكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی تیادا نیشتەجێیە.
سەرچاوەیەك لە كەمپەكە لەبەر هەستیاریی بابەتەكە پێی باش نەبوو ناوی بهێنرێت بە "وشە"ی راگەیاند، زانیاری پشتڕاستكراوەمان بە دەست گەیشتووە كە لەلایەن قەرارگای رەمەزانەوە، پەیامی" ئیسماعیل قائانی" فەرماندەی فەیلەقی سوپای قودسی پاسداران بە یەكێتی و بافڵ تاڵەبانی گەیەنراوە كە دەبێت هەنگاوی دووەم و سێیەمی رێككەوتننامەكەیان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی و حەشدی شەعبی جێبەجێ بكرێت و هەر بۆیەش یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆمپانیایەك و چەند هێزێكی تایبەتی حزبەكەی ئامادەكردووە بۆ لێدانی خەندەق لە دەوروبەری كەمپەكە.
بەپێی قسەكانی ئەم سەرچاوە بۆ "وشە" ئەو كۆمپانیایەی بەكارەكە هەڵدەستێت كاری لێدانی خەندەقەكە لەژێر پاسەوانی و هاوكاری هیزێكی گەورەی سەربازی ئەنجام دەدات و هەریەك لە فەوجی هێزی سكرتاریەتی كۆیە، فەوجی كۆماندۆی سلێمانی، فەوجی بەرگری و فریاكەوتن و دوو فەوج لە لیوای 712 بەشدار دەبن لە لێدانی خەندەقەكە و كارییان بریتی دەبێت لە پاسەوانی كردنی تیمی كۆمپانیاكە و یارمەتی تر بۆ بەجێگەیاندنی فەرمانەكەی "ئیسماعیل قائانی".
هەر پەیوەیست بەم بابەتە ، بەرپرسێكی حزبی دیموكرات نەیویست ناوی بهێنرێ رای گەیاند، ئاگەداری هەوڵ و بڕیارێكی لەو جۆرەین و رووبەرووی هێزەكانی یەكێتی و كۆمپانیاكەیش دەبینەوە ئەگەر هەستمان بە رژدیی بابەتەكە كرد و پیلانگێڕییەكە رادەگرین.
جێگەی باسە لە كاتی شەڕی داعش، حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی لێدانی خەندەق بوو لە سنوورەكانی نێوان باشوور و رۆژئاوای كوردستان بۆ پاراستنی خەڵكی باشوور لە هەڕەشەی تیرۆرستانی داعش، یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەم كارەی بە دژایەتیی كردنی كوردانی رۆژئاوا لە قەڵەم دا، كەچی ئێستە خۆی لە نێو جەرگەی هەرێمدا پیلانی لێدانی خەندەقی هەیە بە دەوری كوردانی رۆژهەڵات كە هیچ كات نەبوونەتە مەترسی و كێشە بۆ سەر خاك و خەڵكی هەرێمی كوردستان.