بڕیارێكی حكوومه‌ت مامۆستا و فه‌رمانبه‌رانی دڵخۆش كردووه‌

:: AM:11:50:31/03/2024 ‌
یه‌كێك له‌ بڕیاره‌ گرنگه‌كانی سه‌رۆكی حكوومه‌ت كه‌ هه‌فته‌ی رابردوو ده‌ریكرد، دابه‌شكردنی زه‌وی بوو به‌سه‌ر ئه‌و مامۆستا و فه‌رمانبه‌رانه‌ی تا ئێسته‌ خزمه‌ت ده‌كه‌ن و نه‌بوونه‌ته‌ خاوه‌نی زه‌وی، فه‌رمانبه‌ران  و مامۆستایان به‌و بڕیاره‌ دڵخۆشن و چاوه‌ڕوانن هه‌رچی زووه‌ به‌و مافه‌یان بگه‌ن.

كاروان یوسف فه‌رمانبه‌ر، ماوه‌ی زیاتر له‌ 13 ساڵه‌ وه‌ك فه‌رمانبه‌ر دامه‌زراوه‌ و ده‌ڵێت، ئه‌و بڕیاره‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌ت زۆر خۆش بوو، چونكه‌ چه‌ندان ساڵه‌ دابه‌شكردنی زه‌وی به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران راگیراوه‌ و فه‌رمانبه‌ر هه‌یه‌ زۆر ده‌مێكه‌ مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ زه‌وی وه‌ربگرێت، به‌ڵام تا ئێسته‌ وه‌رینه‌گرتووه‌ و نه‌بووه‌ته‌ خاوه‌نی زه‌وی كه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه‌ پێی بدرێت.

به‌سۆز ئه‌حمه‌د فه‌رمانبه‌رێكی تره‌ و به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، پێدانی زه‌وی به‌ فه‌رمانبه‌رانی سوودمه‌ندنه‌بوو به‌ نیسبه‌ت ئه‌وانه‌ی تا ئێسته‌ زه‌وییان وه‌رنه‌گرتووه‌، بڕیارێكی زۆر دڵخۆشكه‌ر بوو، فه‌رمانبه‌ر هه‌یه‌ كرێچییه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و زه‌وییه‌ی پێ بدرێت، ده‌توانێت نیوه‌ی كاره‌كه‌ی بۆ ئاسان بكات، هه‌یه‌ ده‌یفرۆشێت و له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ده‌توانێت پێویستییه‌كی تری بۆ پڕ بكاته‌وه‌.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ئاراز سه‌لیم شاره‌زای بواری ئابووری، به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، دابه‌شكردنی زه‌وی به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران ئه‌وانه‌ی سودمه‌ند نه‌بوون، به‌هۆیه‌وه‌ وا ده‌كات لایه‌نی دارایی هاووڵاتیی زۆرباش بێت، هه‌روه‌ها جووڵه‌یه‌كی زۆرباش ده‌خاته‌ بازاڕه‌وه و كڕین و فرۆشتن له‌و كه‌رته‌ دروست ده‌كات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی جووڵه‌ی فراوان به‌دوای خۆی ده‌هێنێت و كردنه‌وه‌ی خانوو، خواست له‌سه‌ر خانووی كرێچی كه‌م ده‌كاته‌وه‌.

ئیبراهیم میرزا مامۆستا، به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، مامۆستا یه‌كێكه‌ له‌و مووچه‌خۆرانه‌ی كه‌ جیاواز له‌ فه‌رمانبه‌ران، پێویست ده‌كات به‌وه‌ی ماوه‌یه‌كی زۆر خزمه‌تی هه‌بێت جا ده‌توانێت سوودمه‌ند بێت له‌ وه‌رگرتن یان پێدانی زه‌وی پێی، مامۆستاش هه‌یه‌ زۆر ده‌مێكه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ی زه‌وی وه‌ربگرێت، یه‌كێك له‌ ماف و ئیمتیازاته‌كانی مامۆستا پێدانی زه‌وییه‌، بڕیاره‌كه‌ش له‌و كاته‌دا زۆر گرنگ بوو بۆ مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران.

به‌ تایبه‌ت له‌ سه‌نته‌ری شاره‌كانی جووڵه‌یه‌كی زۆرباش له‌ بازاڕی كڕین و فرۆشتنی زه‌وی دروست ده‌بێت و نووسینگه‌كان بازاڕیان ده‌كرێته‌وه‌.
ئه‌نوه‌ر حوسێن كه‌ كار له‌ كڕین و فرۆشتنی زه‌وی ده‌كات، به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت بڕیاره‌كه‌ی جێبه‌جێ بكات بۆ دابه‌شكردنی زه‌وی به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران، ئه‌وا له‌ هه‌موو ناوچه‌كان و به‌ تایبه‌ت له‌ سه‌نته‌ری شاره‌كانی جووڵه‌یه‌كی زۆرباش له‌ بازاڕی كڕین و فرۆشتنی زه‌وی دروست ده‌بێت و نووسینگه‌كان بازاڕیان ده‌كرێته‌وه‌.

جێی باسه‌ له‌ رۆژی چوارشه‌می رابردوو، یه‌كێك له‌ بڕیاره‌كانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دابه‌شكردنی زه‌وی بوو به‌سه‌ر ئه‌و فه‌رمانبه‌ر و مامۆستایانه‌ی كه‌ تا ئێسته‌ سوودمه‌ند نه‌بوون له‌ وه‌رگرتنی زه‌وی به‌پێی مه‌رج و رێنوێنییه‌كان.

دوابه‌دوای ئه‌و بڕیاره‌، ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رای گه‌یاند، بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌ت زۆر گرنگه‌ و له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی فه‌رمانبه‌رانه‌ كه‌ تا ئێسته‌ زه‌وییان وه‌رنه‌گرتووه‌، چونكه‌ ماوه‌ی 18 ساڵه‌ زه‌وی به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌راندا دابه‌ش نه‌كراوه‌، ئه‌وه‌ش رێزلێنانه‌ له‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی كه‌ خزمه‌تیان هه‌یه‌ و ماندوون.


سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی


وشە - تایبه‌ت