گەڕانەوەی سەدر نەخشەی ناوماڵی شیعە ئاڵۆز دەكات

:: PM:05:32:31/03/2024 ‌

دوای دابڕانێكی زۆر و كشانەوەی لە گۆڕەپانی سیاسی لە عێراق، بەتایبەتی دوای سەردانەكەی دوایی بۆ عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعە لە نەجەف، شارەزایان پێشبینی گەڕانەوەی بە هەنگاوی موقتەدا سەدر بۆ كایەی سیاسی دەكەن، بەتایبەتی كاتێك لە گرتەیەكدا بە ئامێری بێتەل قسە لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكانی رەوتەكەی دەكات، چەند سەرچاوەیەكیش پێیان وایە هەر گەڕانەوەیەكی سەدر نەخشەی ناوماڵی شیعە دەگۆڕێت و ئاڵۆزی دەكات.

بەر لە چەند رۆژێك یەكێك لە سەكۆكانی نزیك لە رەوتی سەدر، دیمەنی موقتەدا سەدری بڵاو كردەوە كە لەبەردەم شاشەیەكی گەورەی چاودێری وەستاوە و بە بێتەل قسە لەگەڵ فەرماندەی سرییەكانی سەلام لە شاری سامەڕا دەكات، سوپاسیان دەكات، ئەو جووڵانەی سەدر لێكدانەوەی زۆری بۆ كرا، بەگشتی زۆرینەیان بە هەنگاوێكی سەرەتایی و رێخۆشكردنیان بۆ گەڕانەوە بۆ گۆڕەپانی سیاسی لەقەڵەم دا.

دوای ئەوەی بەر لە دوو هەفتە سەدر سەردانی سیستانی كرد لە نەجەف، راگەیاندنەكانی سەر بە رەوتەكەی باسی گرنگیی ئەو سەردانەیان كرد، ئەگەرچی تا ئێستە نووسینگەی سیستانی هیچ بەیاننامەیەكی لەوبارەوە دەرنەكردووە، بەڵام كەسانی نزیك لە سەدر ئاماژەیان كرد كە سەردانەكەی سەدر تایبەت بووە، بۆیە لێكدانەوەی جیاوازیی سیاسی بۆ كرا، بەتایبەتی كە لایەنێكی دیدارەكە سیستانی بوو، كە تا ئێستە نەیویستووە بێتە ناو بابەتە سیاسییەكان لە عێراق، لایەنەكەی تریش سەدر بوو كە لە پرۆسەی سیاسی كشاوەتەوە.

دوای سەردانەكە پێدەچێت سەدر خۆی بۆ چەند هەنگاوێك ئامادە بكات، كە وا لێكدانەوەیان بۆ دەكرێت زیاتر بێت لە پێوانەكردنی كاردانەوەی شەقامی شیعەی نەیار، ئەوەش لەدوای چەند مانگێك لە هەوڵی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ گەڕانەوەی بۆ گۆڕەپانی سیاسی، لەپێشەوەیان دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتیی نووری مالیكی.

لەوكاتەی سەدر هەنگاوەكانی دەنێت بۆ دەرخستنی ئاستی هێز و توانای بۆ جووڵاندنی جەماوەر و هێزی سەربازیی رەوتەكەی، تاقیكردنەوەی كاریگەرییان لە كایە جیاجیاكان یان ئامادەییان بۆ ساتی گەڕانەوە بۆ گۆڕەپانی سیاسی، سەرچاوەكان ئاماژە دەكەن لەكاتی گەڕانەوەی سەدر بۆ كایەی سیاسی بە خواستی خۆی و لەو كاتە دەبێت كە خۆی دیاری دەكات.   

سەرچاوەكان ئاماژە دەكەن كە سەدر لە جۆشدان و هاندانی هەڵمەتێكی جەماوەری بۆ بەهاناچوونی فەلەستین لە مانگی رابردوو سەركەوتوو بوو، ئەو پێنج لیژنەی لە ئەندامانی دەستلەكاركێشاوەی لە پەرلەمانی عێراق پێك هێنا، ئەوەش مانای ئەوەیە بزاوێكی نوێی هەیە و سەدر خۆی بۆ ساز دەدات.

ئەگەرچی رەوتی سەدر بە هەموو دامەزراوەكانییەوە خۆی لە راگەیاندن و دەرخستنی هەڵوێستەكان بە ئاشكرا دەپارێزێت بەهۆی ئەو مەركەزیەتەی سەدر پێڕەوی دەكات، بەڵام خەریكە دیمەنەكە رژتر دەردەكەوێت، ئەو پرسیارەی لەناو هزری سیاسەتوانانە ئەوەیە ئاخۆ ئەو جموجۆڵ و هەنگاوانەی سەدر پێوەندی بە هەڵبژاردنی پێشوەختەوە هەیە، كە بڕیارە لە كۆتای ئەمساڵ یان لە سەرەتای ساڵی نوێ بكرێت، ئاخۆ هیچ مەرجێك بۆ گەڕانەوەی هەیە؟

ئەگەرچی دوای دابڕانێكی تەواوی سەدر لە كایەی سیاسی، ساردی و نادیاری بە هەنگاو و كاریگەریی گەڕانەوەی دروست بووە، بەڵام ئێستەش هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و ئۆپۆزسیۆنی حكوومەتەكەی سوودانی لە سەربەخۆ و مەدەنییەكان، چاوێكیان لەسەر گەڕانەوەی سەدر و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە، هێزەكانی چوارچێوە و بەشێك لە هێزە كوردی و سوونەكانی كە پاڵپشتیی لە حكوومەتی سوودانی دەكەن، نایانەوێ هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت.

لەبەرانبەردا ژمارەیەك لە هێزی شیعەی نەیار بۆ حكوومەتی سوودانی بۆ رێگرتن لە بەشداریكردن و بردنەوەی سوودانی لە هەڵبژاردن بە سوودبینین لە توانا و دەستكەوتەكانی حكوومەت، دەیانەوێ حكوومەتەكەی بڕووخێنن، بۆیە گەڕانەوەی سەدر بۆ گۆڕەپانەكە نەخشەیەكی نوێ و ئاڵۆزی شیعە دادەڕێژێتەوە، لەپاڵ ئەوە هەندێك ناوەندی سیاسی باسی ئەگەری پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی پێكهاتەبڕ لە شیعە و سوننە و كورد لەلایەن سوودانییەوە دەكەن، واتە ئەو شیعانەی لە بوونەوەی بە سەرۆك وەزیران پاڵپشتی دەكەن. 

پێ دەچێت پێكهاتنی ئەو هاوپەیمانیەتە نوێیەی سوودانی ببێتە ركابەری دەوڵەتی یاسای نووری مالیكی، كە ئێستە هەوڵی رێگرتن لە فرەوانخوازیی سوودانی دەدات، لە رێگەی دروستكردنی پێوەندی لەگەڵ سەدر بۆ تێكەڵكردنی كارتەكان، وەك سیاسەتوانێكی عێراق باسی دەكات، بۆیە ئەگەر سوودانی هاوپەیمانیەتییەكەی پێك هێنا، كە ئەگەری هەیە كار بكاتە سەر بنكەی جەماوەریی مالیكی، هەوڵەكانی مالیكی لەگەڵ سەدر لە دژی گرووپی عەسائیب ئەهلولحەق دەبێت، كە پێشتر لە رەوتی سەدر جیا بووەتەوە و نەیارییەكی توندیان لەگەڵ سەدر هەیە، بەوەش بنەمای یارییەكە دەگۆڕێت، بەتایبەتی كە قەیس خەزعەلی پاڵپشتی لە سوودانی دەكات.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل