بەغدا دەیەوێ بە قۆناغ هەرێمی كوردستان لاواز بكا و بیخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی، سەرەتا هەناردنی نەوتی وەستاند، دواتر مووچەی فەرمانبەرانی دواخست، كە بە هاوكاری و پیلانی لایەنێك لە ناوخۆ ئەوە كراوە، ئێستەش لە پرسی بەڕێوەچوونی هەڵبَژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەیەوێ بەتەواوی هەرێم وەك بەشێك لە خۆی ببینێت و بڕیارەكانی بەسەر هەرێم جێبەجێ بكات.
لەبەرانبەردا پارتی دیموكراتی كوردستان وەك تاكە هێز رووبەڕووی پیلان و بڕیارەكانی بەغدا بووەتەوە، كە دەیانەوێ ئەو ئەزموون و دەستكەوتانەی چەندین ساڵە خەباتی بۆ كراوە و شەهیدی بۆ دراوە، ئەو قەوارەی بە خوێنی رۆڵەكانی ئەو گەلە بەدی هاتووە، نەیهڵێن و رێگە نەدەن كوردستان زیاتر گەشە بكات و پێشكەوتن بەخۆیەوە ببینێت و خۆی كاروبارەكانی بەڕێوە ببات، بۆیە ئەوەی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كردیان، دەیانەوێ لە رووە سیاسی و دەسەڵاتداریشەوە هەمان شت بەسەر هەرێمی كوردستان بێنن.
لەوبارەوە عومەر رەنگێنەیی، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانكۆی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، گرنگە ئەوەی لە رابردوو بەدەست هاتووە وەك خۆی بەردەوام بێت و بەهیچ شێوەیەك رێگە نەدرێت ئەوەی بەغدا لە بەرنامەیدایە جێبەجێ بكرێت، كە دەیەوێ هەنگاو بەهەنگاو ئەوە جێبەجێ بكا و هەرێم بەتەواوەتی بخاتەوە ژێر دەسەڵات و بڕیارەكانی خۆی، دەیەوێ ئەو نیوچە سەربەخۆییەی كە هەیە نەیهێڵێت، بۆیە ئێستە بەغدا بۆ دەرفەتێك دەگەڕێت ئەوە بكا و چەندان كەسیش هەن كاری بۆ دەكەن، بەغدا دەیەوێ قۆناغ بەقۆناغ دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان وەربگرێتەوە، دواتریش بەو شێوەیە بكات كە خۆی دەیەوێت.
باسی لەوە كرد، بەغدا ئەو دۆخە دەقۆزێتەوە كە لە هەرێم هەیە، ئێستە كە مووچە لەژێر دەستی بەغدایە، مانگانە ئەوەمان بەسەر دێنێت و دووبارە دەبێتەوە كە دوای دەخات و بیانوو دێنێتەوە، بۆیە بابەتی هەڵبژاردن یەكێكی ترە لەو كارانەی كە بەغدا دەیەوێ بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان جێبەجێی بكات، چونكە دەزانێت لەو رێگەوە دەتوانێت دەسەڵات و بڕیارەكانی خۆی بچەسپێنێت.
روونی كردەوە، بەڵام سەرەڕای ئەو تێبینییانەی لە ناوخۆ هەن، هیچكات حكوومەت و دەسەڵاتێكی تر وەك حكوومەتی هەرێم خەمخۆر و باشتر نییە، لایەنە ناوخۆییەكانیش پێویستیان بە یەكڕیزی و یەكبوون هەیە و پێویستە یەكێتی و پارتی وەك دوو لایەنی دەسەڵاتداری هەرێم، پێكەوە واز لە هەندێ شت بێنن و هەرێمی كوردستان و میللەت لەبەرچاو بگرن، رێگە نەدرێت هەرێم ئەو ئەزموونەی هەیەتی لەدەست بچێت.
هەر پێوەست بەو بابەتەوە عەدنان عەلی، كادری پارتی بە "وشە"ی گوت، ئەوەی لە هەنگاوەكانی حكوومەتی عێراق بەدی دەكرێت، دەیەوێ هەرێمی كوردستان بێ دەسەڵات بكات و هیچ مەودایەك بۆ دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان نەهڵێێتەوە، زۆر روون دیارە كە بەغدا دەیەوێت چی لە هەرێم بكات و چی جێبەجێ بكات.
دووپاتی كردەوە، بەداخەوە هەندێ لایەن نایەوێ لەو مەترسییە تێبگەن، هیچكات بەغدا ئەو بەغدایە نابێت كە ئەگەر بیانەوێ بە دڵسۆز و خەمخۆر ناوی بێنن، بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵبژاردن و كورسیی پێكهاتەكان و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن، هەمووی درێژكراوەی ئەو پیلانەیە كە دەیانەوێ لە هەرێمی كوردستان جێبەجێی بكەن.
لای خۆیەوە تەحسین محەمەد، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، بەغدا تەنیا كار لەسەر لێدانی دەسەڵات و قەوارەی هەرێم دەكات، جا هەر كەس قبووڵیەتی ئەوەیە و ئەوەشی كە قبووڵی نییە هەر ئەوەیە، چەندان ساڵە ئەو گرفتە هەر هەیە، بە كورتییەكەی هەموو ئەو هەنگاوانە پێشێلكردنی دەستوورە، ئەم سیاسەتەی بەغدا بەرانبەر هەرێم بە تەواوی ئەوە دەسەلمێنێت كە بەغدا نیازی خراپی هەیە و ئەگەر ئەوەشیان بۆ بچێتە سەر، مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان دروست دەكات.
وشە/ تایبەت