هەرێمی كوردستان ئەمساڵ نزیكی دوو ملیۆن تۆن گەنمی دەبێت

:: AM:10:44:03/04/2024 ‌
بەهۆی بارانبارین و تێپەڕاندنی وشكەساڵی، هەرێمی كوردستان ئەمساڵ ڕێژەیەكی زۆر گەنمی دەبێـت، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستانیش دەڵێن، ساڵی ڕابردوو كۆی بەرهەمی گەنم نزیكەی 800 هەزار تۆن بووە، بۆ ئەمساڵ پێشبینییان وایە زیاتر لە یەك ملیۆن و 500 هەزار تۆن بێت.

 هەردوو وەزارەتی بازرگانی و كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەمساڵ ناوی جووتیارانی گەنمیان تۆمار كردووە، كە چەند بنەتۆیان لە چەند دۆنم زەوی چاندووە، بۆ ئەوەی كێشەی ساڵی پار دووبارە نەبێتەوە و بەرهەمی ناوخۆ لە بەرهەمە بیانییەكە جیا بكرێتەوە.

حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە ئەمساڵ هەموو گەنمی جووتیارانی ژێر دەسەڵاتی خۆی وەربگرێت، بۆ گەنمی جووتیاری هەرێمی كوردستانیش وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق دەڵێت، بڕەكە سنووردار دەبێت و هەولێر و بەغدا رێككەوتنی لەبارەوە دەكەن. شاندێكی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستانیش بۆ ئەو مەبەستە سەردانی بەغدا دەكات.

لەبارەی ئەوەی ئەمساڵ هاوشێوەی ناوچەكانی عێراق، هەموو گەنمی هەرێمی كوردستان وەردەگیرێت، گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق بۆ "ڕووداو" گوتی، رێككەوتن لە نێوان هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵی فیدراڵی و وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان لەبارەی رێكخستنی پرۆسەی ڕادەستكردنی گەنم بە وەزارەتی بازرگانی عێراق هەیە، بە رێككەوتنی هەردوولا بڕی ئەو گەنمە دیاری دەكرێت كە وەردەگیرێت.

 گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق دەڵێت، پێش دەستپێكردنی وەرزی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ، تیمی هاوبەشی هەولێر و بەغدا كۆ دەبنەوە و بڕیار لەسەر بڕەكەی دەدەن.

 ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان نزیكەی دوو ملیۆن و 700 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێنراوە، چاوەڕوان دەكرێت بەرهەمەكەی نزیكەی دوو ملیۆن تۆن گەنم بێت.



وشە - سۆران عەزیز