"پێداگریی سەرۆكی حكوومەت وای كرد بەغدا پابەندی رێككەوتننەكان بێ و كێشەكان چارەسەر بكرێن"

:: PM:10:48:03/04/2024 ‌

ئەمڕۆ سەرۆكی حكوومەتی هەرێم هەواڵێكی تری خۆشی بە مووچەخۆران دا، كە دوای هەوڵێكی زۆر توانرا كێشەی مووچە  لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكرێت، شارەزیان باس لەوە دەكەن كە پێداگریی سەرۆكی حكوومەت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و نیازپاكیی حكوومەتی هەرێم وایان كرد بەغدا كێشەكان چارەسەر بكا و كۆتایی بەو دۆخە بێت كە چەند مانگێَكە هەیە، وەك سەرۆكی حكوومەت دەڵێت، لە ماوەی رابردوو هەوڵی زۆر دراوە هاووڵاتییانی هەرێم نائومێد بكرێن.

پێوەست بەو  بابەتە دڵشاد نامیق، مامۆستای زانكۆ بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوانەی لەخۆیانەوە قسە و موزایەدە دەكەن، ئەوانە تەنیا چەواشەكاری دەكەن، پێوەندیی حكوومەت لەگەڵ حكوومەتدایە، حكوومەت لەگەڵ حزب و كەس مامەڵە ناكات، بە پێی قسەی ئەوان بوایە دەبوو هەرگیز رێككەوتن لە نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان نەكرابووایە، یان عێراق ئامادەی جێبەجێكردنی یاسای بودجە نەبوای.

روونی كردەوە، بە قسەی هەندێك بوایە دەبوو ئێستە دەمێك بوو حكوومەتی هەرێم نەمابووایە، ئەوانە پڕوپاگەندەی پێشوەختەی هەڵبژاردنن، رەنگە لە نەزانییەوە بیكەن، ئەوەی ئێستە كە حكوومەتی هەرێم دەیكات، پێداگریی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە لەسەر ئەوەی رێككەوتنەكان لەگەڵ بەغدا لە چوارچێوەی دەستوور جێبەجێ بكرێن، بۆیە ئەوانەی دەڵێن حكوومەتی عێراق مووچە بدات، ئەوانە قسەی كۆمەڵێك خەڵكن كە هیچ لە دامەزراوەیی نازانن، ئەوانەن دەیانەوێ كە تەنیا شتی كاتی بكرێت.
 
ئەو مامۆستایەی زانكۆ دووپاتی كردەوە، ئەوەی حكوومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا، هەر لە پێكهێنانی حكوومەتی سوودانی و دواتر رێككەوتنی فرۆشتنی نەوت و ئینجا رێككەوتنی یاسای بودجە و ئێستەش جێبەجێكردنی یاساكە و رەوانەكردنی مووچە و پشكی هەرێم دەیكات، پابەندبوونە بە رێككەوتن، وا لە بەرانبەر دەكات ئەویش بە رێككەوتنەكان پابەند بێت.

"بۆیە ئەوەی حكوومەتی هەرێم دەیكات ستراتیجییەتە، ئەگەر رێككەوتن جێبەجێ بكرێ و مووچە و شایستە داراییەكان وەك خۆی بگات، ئەوانەی تر قسەیان پێ نامێنێ و ناتوانن پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن بكەن، بۆیە ئەوان لەگەڵ رێككەوتن نین، چونكە لە بەرژەوەندییان نییە، ئەوانە حزبن و دەیانەوێ بە رێگەی خۆیان كار بكەن"، دڵشاد نامیق، مامۆستای زانكۆ وای گوت.

لای خۆیەوە ئازاد ئەكرەم، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی گوت، لە ماوەی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی نیشانی بدات نیازپاكی لە چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم و بەغدا هەیە، چەندانجار سەرۆكی حكوومەت سەردانی بەغدای كردووە، هەروەها بە دەیانجار شاندی حكوومەت چوونەتە بەغدا، ئەو هەموو پێداگرییەی حكوومەت بۆ ئەوە بوو كە رێككەوتنەكان لەگەڵ بەغدا لە چوارچێوەی دەستوور بێت، ئەوەش روونە كە مامەڵەكردنی حكوومەت لەگەڵ حكوومەتە، ئەوەشی حكوومەت دەیكات بۆ بەرژەوەندی گشتییە نەك بۆ بەرژەوەندی تایبەت.

روونی كردەوە، سەرۆكی حكوومەت هەمیشە پێداگری لەسەر ئەوە دەكرد كە ئەو كێشانەی لە نێوان هەرێم و بەغدان، بە پێی دەستوور چارەسەر بكرێن، ئەمە وای كرد بەغداش پابەندی رێككەوتننەكان بێت و چارەسەری كێشەكان بكرێت، سەردانە حزبییەكان بۆ بەغدا لە بەرژەوەندیی میللەت نین، ئەوەی حكوومەت دەیكات گشتی و فەرمییە، حكوومەتیش شتێك دەكات كە بۆ هاووڵاتییان باش بێت، بەغداش نابێت مامەڵەی سیاسی لەگەڵ هەرێمدا بكات.

هەر لەوبارەوە مەریوان ناسر، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، هەرێمی كوردستان هیچكات لەگەڵ تێكچوونی پێوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا نەبووە، ئەوەشی هەرێم داوای كردووە و بەردەوام دووپاتی لەسەر كردووەتەوە، چارەسەركردنی كێشەكان بووە بەپێی دەستوور و بەو جۆرەی كە لە دەستوور ئاماژەی پێ كراوە، چونكە ئەوە لە بەرژەوەندی بەغدا و هەرێمیش بووە.

"سەرۆكی حكوومەتی هەرێم هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەكەی باسی لەوە كرد كە هەرێم ئامادەیە كێشەكانی لەگەڵ بەغدا بەپێی دەستوور چارەسەر بكات، دەبێت بەغداش ئەو ئامادەییەی هەبێت، چونكە دەستوور هەموو شتێكی دیاری كردووە و ناكرێت بەغدا ئەوەی لە بەرژەوەندیدایە بیكا و ئەوەی تریش پێوەی پابەند نەبێت"،  مەریوان ناسر، چاودێری سیاسی وا دەڵێت.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل