قوباد تاڵه‌بانی‌ رادیۆیه‌كی‌ تۆمار كرد

:: PM:03:01:17/04/2024 ‌
قوباد تاڵه‌بانی‌ ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ یه‌كێتی‌ له‌و قسه‌یه‌ی‌ په‌شیمان بووه‌وه‌ كه‌ گوتبووی‌، له‌ كاتی‌ هه‌ڵبژاردندا له‌ ماڵه‌كه‌ی‌ خۆیشی بێت سندووقی‌ ده‌نگدان داده‌نێ، به‌وه‌یش ئه‌وه‌ چه‌ندان جاره‌ تاڵه‌بانی‌ رادیۆ تۆمار ده‌كات. 

"وامزانی‌ رادیۆیه‌" ده‌سته‌واژه‌یه‌كی‌ ناو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، زیاتر ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌ كاتی‌ هه‌ڵچووندا قسه‌یه‌ك ده‌كه‌ن و دواتر په‌شیمان ده‌بنه‌وه‌ یان ده‌ڵێن ئێمه‌ وامان نه‌گوتووه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی‌ روونكردنه‌وه‌ی‌ زیاتری‌ له‌سه‌ر نه‌درێ‌، ده‌سته‌واژه‌ی‌ "وامزانی‌ رادیۆیه‌" به‌كار ده‌هێنرێ‌. 

ئه‌وه‌ كاتێك سه‌ری‌ هه‌ڵدا كه‌ هاووڵاتییه‌كی‌ سلێمانی‌ له‌ به‌رده‌م مایكی‌ یه‌كێك له‌ ته‌له‌ڤزیۆنه‌كاندا هێرشی‌ كرده‌ سه‌ر پارتی‌ و یه‌كێتی‌، به‌ڵام رۆژی‌ دواتر له‌ گرته‌یه‌كی‌ ڤیدۆیی‌ له‌ قسه‌كانی‌ په‌شیمان بووه‌وه‌ و گوتی‌، وامزانی‌ رادیۆیه‌. 

قوباد تاڵه‌بانی‌ له‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردوودا له‌ناو ئۆرگانی‌ حزبه‌كه‌ی‌ گوتبووی‌، ئه‌گه‌ر له‌ ماڵه‌كه‌ی‌ خۆیشی بێت سندووقی‌ ده‌نگدان داده‌نێت له‌ هه‌ولێر، به‌ڵام ئه‌مڕۆ له‌ دیداری‌ سلێمانی‌ له‌لایه‌ن یه‌كێك له‌ رۆژنامه‌نووسه‌كانه‌وه‌ پرسیاری‌ ئه‌وه‌ی‌ لێ‌ كرا، ئێسته‌ش ئاماده‌یه‌ له‌ ماڵه‌كه‌یدا سندووقی‌ ده‌نگدان دابنێ‌، تاڵه‌بانی‌ بزه‌یه‌كی‌ كرد و وه‌ڵامی‌ نه‌دایه‌وه‌، به‌ڵام پێویست بوو له‌وكاته‌دا بڵێ‌ "وامزانی‌ رادیۆیه‌".



وشە - وشه‌