نووسەرێك: بە بەرچاومانەوە رۆژانە چیای گۆیژەی سلێمانی ئەتك دەكرێت و بێدەنگین

:: AM:11:39:15/05/2024 ‌
بەهۆی پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە بەرزاییەكانی چواردەوری سلێمانی بەتایبەت لە گۆیژەدا، سروشتی ناوچەكە تێكچووە. نووسەرێكی دیاری سلێمانی دەڵێت، بەلاتەوە سەیر نەبێت كە شەو خەوتوویت و شار خامۆش و بێدەنگ بووە، بەڵام بەیانی لە خەو هەڵدەسیت شاخەكە نەماوە و تەختی زەوی كراوە.

شوان محەمەد لە گوتارێكیدا لەبارەی دەستكاریی شاخی گۆیژەوە دەنووسێت، ئەوەی ئێستە بەرانبەر شاخی گۆیژە دەكرێت، شۆفڵی سەرمایەدارە بێ ویژدانەكان وەك گورگی هار و برسی، گاز لە قەدپاڵی سەوزی ئەو شاخە جوان و بێ نازە دەگرن.

نووسەر ئاماژە بەوەش دەكات، یەكێك كەمترین هەستی خۆشەویستی شار و ژینگە و جوانی سلێمانی هەبێت، دڵی رادەچڵەكێت و تووشی شۆك دەبێت كە رۆژمان گەیشتووە بەچی، لە سایەی كۆمەڵێك سەرمایەداری بێویژدانی نانیشتمانی، چی لە چیای گۆیژەی هەوێنی دەیان شاعیری وەك بێكەس و پیرەمێرد و بە ختیار زێوەر و خەڵكی سلێمانی دەكەن.

"هەر كەسێك كەمێك ویژدانی زیندوو بێت، ئەگەر رێی بكەوێتە نزیك تونێلەكەی ئەزمەڕ بەدیوی شاری سلێمانیدا، بۆی ئاشكرا دەبێت چ تاوانێكی گەورە بەرانبەر ژینگە و چیا و سروشتی ئەم شارە ئەنجام دەدرێت". شوان وا دەڵێت.

شوان لە كۆتادا دەنووسێت، كەی خەڵكی ئەم شارە هێندە خەمسارد و بێ دەسەڵات و ترسنۆك بوون، چیایەك كە بۆووەتە بەشێكی نەپساوە لە ژیانی خەڵكی شار و جوانی بەهەمووان بەخشیوە، هەموو رۆژێك لە لووتكەكەی گۆیژەوە كازیوەی بەری بەیان پەیامی هاتنی رۆژێكی نوێی بە شار بەخشیوە، بە درێژایی سەتان ساڵە جێی سەیران و حەوانەی هەمووان بووە، بە ئێستەشەوە كەم كەس هەیە هەموو رۆژێك نیگایەكی نەداتێ و نەبووبێت بە بەشێك لە یادەوەرییەكانی، كەچی ئێستە بە بەرچاومانەوە ئەتك دەكرێت و  بێدەنگین.




وشە - سۆران عەزیز