بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی پارتی رای گەیاند، وەك هەموو وڵاتانی تری دنیا، ئێران تایبەتمەندیی خۆی هەیە، ئەوان هەم مەرجەعەتیان هەیە و هەم وڵاتێكی دامەزراوەییە، بۆیە سیاسەتی پێشوو بەردەوام دەبێت.
فازڵ میرانی لەگەڵ كۆمەڵێك لە هاوڕێیانی لە مەكتەبی سیاسیی پارتی، سەردانی كونسوڵگەی ئێرانیان كرد و هاوخەمی پارتی و خەڵكی كوردستانیان بە ئێران راگەیاند.
فازڵ میرانی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، "لەدەستدانی سەرۆك كۆماری ئێران، وەزیری دەرەوە و هاوەڵانیان زیانێكی گەورە بە ئێران و ناوچەكەش دەگەیەنێت. بەوپێیەی ئێران ڕۆڵێكی گرنگی لەم ناوچەیە هەیە، بەتایبەت عێراق و هەرێمی كوردستانیش دراوسێیەكی مێژوویی و جیۆگرافیی ئێرانن".
میرانی گوتی، "وەك هەموو وڵاتانی تری دنیا، ئێران تایبەتمەندیی خۆی هەیە، هەم مەرجەعەتیان هەیە و هەم وڵاتێكی دامەزراوەییە". بۆیە مردنی كەسانێكی بەرپرس كێشەیەكی گەورە لە دامەزراوەكانیان دروست ناكات، ئێمە هیوداراین ئەمە كۆتا كارەسات بێت بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران و دووبارە لە ڕێی كونسوڵەكەیان لە هەولێر، سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی گەلی ئێران و خانەوادەی قوربانیان دەكەین".
پێشتر ڕەشنوودی كونسوڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر ڕای گەیاند، بڕیار بوو هەفتەی داهاتوو ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆك كۆماری كۆچكردووی ئێران سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستان بكات و ئەوان خەریكی ڕێكخستنی بەرنامەی سەردانەكەی بوون.
لەوبارەیەوە بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوە كرد، "ئێمە ئامادەكاریمان كردبوو پێشوازییەكی جەماوەریی زۆری لێ بكەین، بەڵام بەداخەوە چووە بەر دەرگای خوا" .