توانا ئەمین: ئەو مادەیەی شاكار ستاری پێ گیراوە تا حەوت ساڵ گرتن حوكم دەدرێت

:: AM:10:09:22/05/2024 ‌
ناڕەزاییەكانی گرتنی شاكار ستاری رۆژنامەنووس بەردەوامە و نووسەرێكیش دەڵێـت، ئەو مادەیەی ئەو گەنجەی پێ گیراوە،  تا حەوت ساڵ گرتن حوكم دەدرێت، ئەوەش نادادپەروەرییە.

دوای گرتنی رۆژنامەنووس شاكار ستار لەلایەن هێزە تەناهییەكانی سلێمانییەوە، ناڕەزایی رۆژنامەنووسان و نووسەران بەردەوامە و لەمبارەیەوە توانا ئەمین دەڵێت، "چەند ڕۆژێكە میدیاكار شاكار ستار بە تۆمەتی ئەوەی زنجیرەیەك ڕاپۆرتی ناڕاست و بێبنەما و چەواشەكارییانەی خوێندووەتەوە، لەلایەن هێزە تەناهییەكانی سلێمانییەوە گیراوە. گرتنی ئەم ڕۆژنامەنووسە، فاوڵێكی گەورەیە بۆ ئازادی لە سنووری سلێمانیدا. "

توانا ئاماژە بەوە دەكات، "ئەو مادەیەی شاكاری پێ گیراوە، دەكرێـت تا حەوت ساڵ گرتن حوكمی بەسەردا بدرێـت، لە كاتێكدا بێژەر لە دەزگای میدیاییدا، پەیج بێت یان ڕادیۆ یان تەلەڤزیۆن، ڕاپۆرت ئامادە ناكات، تەنیا وەك كارمەندێك دەیخوێنێتەوە، هیچ بەرپرسیارێتییەكی لەسەر نابێت.

ئەو نووسەرە دەڵێت، "ئەگەر دەزگا تەناهییەكان هەست دەكەن سووكایەتییان پێ كراوە، دەبێ بە پێی یاسای ژمارە 35ی ڕۆژنامەگەری لە كوردستان مامەڵە بكەن، نەك یاسای سزدانی عێراقی ساڵی 1969 ، پاشان دەبێت سكاڵا لەسەر دەزگاكەی تۆمار بكەن نەك بێژەرەكەی.



وشە - سۆران عەزیز