"ئەوانەی دژایەتیی هەژماری من دەكەن دژی حكوومەتن و بێگانەپەرستن"

:: PM:09:30:22/05/2024 ‌

كۆمەڵێك پەرلەمانتار لە بەغدا و لە ناوخۆش بە توندی دژایەتیی پڕۆژەی "هەژماری من" دەكەن، لەكاتێكدا ئەو پڕۆژە بۆ خزمەتی فەرمانبەرە، بۆ ئەوەی كۆتایی بە سیستمی كۆنی دابەشكردنی مووچە بێت، ئەوەش وای كردووە كە فەرمانبەران دووپاتی بكەنەوە كە ئەوانەی دژایەتیی "هەژماری من" دەكەن، دەیانەوێ مووچە بە تەواوی لە دەستی بەغدا بێت و دژی هەر پێشكەوتنێكی هەرێمی كوردستانن.

بەپێی دوایین ئامارەكانی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، ئێستە مانگانە دەیان هەزار فەرمانبەر لە رێگەی "هەژماری من"ەوە مووچەكانیان لە كاتی خۆی و بەبێ هیچ كێشە و سەرەگرتن وەردەگرن، بۆ ئەو مەبەستەش لە هەرێمی كوردستان دەیان ئامێری راكێشانی پارە دانراوە.

حەسەن مارف، مامۆستا لە سلێمانی بە "وشە"ی گوت، "هەژماری من" هەر ئەو بەجێكردنەیە كە بەغدا باسی دەكات، كۆمەڵێك بانك لە هەرێمی كوردستان بەشدارن تیایدا كە لە بانكی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتیان وەرگرتووە، بەڵام كۆمەڵێك لایەن و پەرلەمانتار و كەس لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان دژایەتی دەكەن، ئەو بانكانەی هەرێم كێشەیان نییە، بەڵام ئەو بانكانەی كە لە پرۆسەی بەجێكردن لە بەغدا بەشدارن، بەردەوام سزا دەدرێن و لە رابردوو بەشێكیان خراونەتە لیستی رەشەوە، بۆیە هەموو دژایەتییان بۆ پارتییە، لەكاتێكدا ئەو پڕۆژە هی حكوومەتە و بۆ خزمەتكردنی فەرمانبەرانە.

روونی كردەوە، ئەوانە بۆ هەموو شتێك دژایەتیی هەرێم دەكەن، وا دەیبینین كە دژایەتییەكە بۆ پارتییە، هەموو شتێك بۆ ئەوە دەكەن بۆ ئەوەی حكوومەت پێش نەكەوێت، ئەوان هەر كامێكیان دەم بكاتەوە دەڵێن هەرێم پێش نەكەوتووە و سیستمی كارگێڕیی حكوومەت دواكەوتووە و سەردەمی وەستان و نۆرەی مووچە نەماوە، بەڵام لەولاشەوە دژایەتیی پڕۆژەیەكی گرنگی لەو شێوەیە دەكەن، بۆیە ئەوان لە دژی حكوومەتن و بێگانەپەرستن، وا دەزانن ئەو خزمەتەی بەغدا بە فەرمانبەرانی خۆی دەكات بە فەرمانبەرانی هەرێمیشی دەكات، بەڵام بەغدایان نەناسیوە، چونكە لەوەتەی مووچە رۆیشتووەتە ژێر دەستی حكوومەتی عێراق چییان بە فەرمانبەرانی هەرێم نەكرد.

لای خۆیەوە ئیدریس ئیسماعیل، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، پڕۆژەكە لە خزمەتی فەرمانبەرندایە و وەزارەتی دارایی سەرپەرشتی دەكات، كەچی دژەكانی ناوخۆ لەسەر هەموو شتێك قسە دەكەن و ئامانجیان ئەوەیە خەڵك چەواشە بكەن، وا دەزانن بەو شێوەیە خۆیان لەبەرەی خەڵك ناوە.

پێوەست بە بابەتەكە تەحسین محەمەد، چاودێری سیاسی لە سلێمانی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، دژایەتیی ئەوانە بۆ هەرێم و حكوومەت، درێژكراوەی ئەو دژایەتییەیە كە لە رابردوو بەرانبەر بە هەرێم هەیان بووە و پشتی بەغدایان گرتووە، پڕۆژەكە هی حكوومەتە و فەرمانبەر مووچەی پێ وەردەگرێت، بەڵام ئەوان هەر خۆیان بڕیاری ئەوەیان داوە كە ئەو پڕۆژە لە بەرژەوەندیی پارتییە، چونكە هەمیشە دژایەتیی پارتی دەكەن، حكوومەت و وڵات و پێشكەوتنەكان بە هی پارتی دەزانن، ئەمە بیركردنەوەی ئەوانەیە بۆ هەر شتێك لە ناوخۆ، لەكاتێكدا لە وڵاتان كە حكوومەت پڕۆژەیەك بكات، هەمووان پشتگیری دەكەن و بە هی خۆیانی دەزانن، بۆیە پڕۆژەكە هی لایەنێك نییە و گشتییە.

وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە كە بە خۆشحاڵییەوە رای دەگەینین كەوا لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، نزیكەی 25 هەزار فەرمانبەری كەرتی گشتی لە پارێزگای هەولێر مووچەیان بە شێوەی دیجیتاڵی لە رێگەی "هەژماری من"ەوە وەرگرت، ئەمەش دوای ئەوە هات كەوا لە ماوەی رابردوودا خۆیان لە پرۆسەی بەجێكردن تۆمار كردبوو، ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی كە ئەم مانگە مووچەكانیان بە شێوەی دیجیتاڵی وەرگرت بەرزتر دەبێتەوە، بە رێژەیەك كە ئەم ژمارەیە لە مانگەكانی داهاتوودا دوو هێندە دەكرێت و تەواوی فەرمانبەران دەگرێتەوە.

جێگەی باسە لەم مانگەدا مووچەخۆران توانییان لە راكێشانی پارەی مووچەكانیان لە رێگای 84 ئامێری جیاوازی راكێشانی پارە ATM سوودمەند بن، ئامانجی وەزارەتی داراییش ئەوەیە تا كۆتایی ئەمساڵ ئەم ژمارەیە بگەیەنێت بە نزیكەی هەزار ئامێر لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت