"لەمساڵدا 136 كەسی سووری بەهۆی نەخۆشییە گوازراوەكانەوە دیپۆرت كراونەتەوە"

:: PM:01:43:23/05/2024 ‌
هەموو ئەو سوورییانەی لە هەرێمی كوردستان كێشەی یاسایی و نەخۆشیی گوازراوەیان هەیە، دیپۆرت دەكرێنەوە، بەڕێوەبەری نشینگەی هەولێریش دەڵێت، لە ساڵی 2023دا 381 كەس بەهۆی نەخۆشییەوە دیپۆرت كراونەتەوە.

لە لێدوانێكدا بۆ "وشە" عەقید هانا محەمەد ڕای گەیاند، ئەو كەسانەی دیپۆرت دەكرێنەوە، بەشی زۆریان نەخۆشیی ئایدزیان هەیە، یا نەخۆشیی ئێج بی، یان ئێج بی ئێسیان هەیە، ئەوانە بە بڕیاری تەندروستی دیپۆرت دەكرێنەوە.

عەقید هانا گوتی، تەنیا لە ساڵی 2022دا 233 كەس ڕەوانە كراونەتەوە، لە ساڵی 2023دا ڕێژەكە زیادی كردووە و بووەتە 381 كەس، كە سەرجەمیان بەهۆی نەخۆشییەوە نێراونەتەوە، لەمساڵیشدا 136 كەس دیپۆرت كراونەتەوە.

بەڕێوەبەری نشینگەی هەولێر دەڵێت، ئێستە هەموو ئەوانەی پاسپۆرتی سوورییان هەیە، لە ڕێكەوتی 28ی ئادارەوە بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ، ناتوانن كارتی مانەوە نوێ بكەنەوە و دەبێت بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، ئەگەر كەسانێكیش گیرابن تا مانەوەی لە گرتووخانە كۆتایی پێ دێت دەمێننەوە، پاشان رەوانەی وڵاتی خۆیان دەكرێنەوە.

بەڕێوەبەری نشینگەی هەولێر ئاماژەی بەوەش كرد، ئەوانەی مۆڵەتی كاریان هەیە بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی كار، ڕێنوێنیی نوێیان بۆ دەردەچێت و بڕیارە بیانگێڕینەوە. باسی لەوەش كرد، لە دوای بڕیارەكەی وەزارەتی ناوخۆ، پەنابەرانی سووری خۆیان سەردان دەكەن و وردە وردە خەریكی گەڕانەوەن.

بەپێی داتاكانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، 900 هەزار و 467 پەنابەر و ئاوارە لە هەرێمی كوردستاندا هەن، 63 هەزار و 174 كەس ئاوارەی عێراقین. 251 هەزار و475  كەسیش پەنابەری سوورین.

گوتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی عێراق رای گەیاند، 300 هەزار كرێكار لە سووریاوە هاتوونەتە عێراق و بەبێ ئەوەی تۆمار بكرێن كاردەكەن.



وشە - سۆران عەزیز