نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له پێوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ بابه‌شێخی ئێزیدییان، پیرۆزبایی ده‌ستبه‌كاربوونی لێ كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی له ئه‌ركه‌كه‌یدا بۆ خواست، هاوكات هه‌موو پشتگیرییه‌كی بۆ ئێزیدییان دووپات كرده‌وه.
هیوای خواست كه ببێته چه‌تری كۆكه‌ره‌وه‌ی ته‌واوی ئێزیدییان
ئه‌مڕۆ شه‌موو 21ی تشرینی دووه‌م، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان دووپاتی له‌وه كرده‌وه كه ئه‌ركی بابه‌شێخ، ئه‌ركێكی ڕۆحیی ئاینییه و نابێت هیچ كاریگه‌رییه‌كی سیاسی به‌سه‌ر ئه‌و و ئه‌ركه ئاینییه‌كه‌یه‌وه هه‌بێت، هه‌روه‌ها هیوای خواست كه ببێته چه‌تری كۆكه‌ره‌وه‌ی ته‌واوی ئێزیدییان و بتوانێ سه‌ركه‌وتووانه ڕۆڵی خۆی له ته‌بایی و پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كتر قبووڵكردنی نێوان پێكهاته‌كانی كوردستان و عێراق بگێڕێت. وه‌ك له راگه‌یه‌نراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاتووه.
وه‌ك باس له‌وه كراوه، بابه‌شێخ سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پیرۆزبایی و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و داوای كرد سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و ته‌واوی لایه‌نه پێوه‌نداره‌كان له هه‌رێمی كوردستان له هاوكاری و پشتگیریی ئێزیدییان به‌رده‌وام بن.