ئەوانەی ئازاری پشتیان هەیە.. وریای ئەو نیشانەیە بن

:: PM:07:24:21/11/2023 ‌

ئازاری پشت یەكێكە لە حاڵەتە تەندروستییە بڵاوەكان و چەند هۆكارێكی هەیە، زۆرجار تەنیا بێزاری دروست دەكات، بەڵام لە هەندێك حاڵەت بابەتەكە دەگاتە زیانگەیاندن بە تەندروستی جەستەیی و مێشكی، ئەگەر ئەو جۆرە ئازارەت هەیە، رەنگە بپرسی ئاخۆ كەی ئاساییە و كە پێویست بە سەردانی پزیشك دەكات؟  

د. سامی مارگۆ، شارەزای چارەسەری سروشتی ئاماژە دەكات كە هۆكارێكی سەرەكیی پشتئێشە پێكانی ماسولكە و بەستەرەكانە، ئەوانەش بەهۆی هەڵە یان زۆر دانیشتن و جووڵانەوەی هەڵە و نائاسایی یان بەرزكردنەوەی قورسایی زۆر و بە شێوەیەكی هەڵە یان ئەنجامدانی راهێنان بە هەڵە، یان وەرزشنەكردن دروست دەبن، بە گشتی پەستان لەسەر بڕبڕەی پشت دروست دەبێت و ئازار سەر هەڵدەدات، جیا لە لاوازیی ماسولكەی پشت و قەڵەوی و كێشی زیادی لەش و تەسكبوونەوەی دەماری خوێن و هەستەدەمارەكانی پشت.

د. مارك ساندرز، پسپۆڕی راستكردنەوەی بڕبڕەی پشت و ئەندامی كۆمەڵەی بەریتانی بۆ راستكردنەوەی بڕبڕەی پشت دەڵێت، زۆر كەس درك بە كاریگەریی شێوازی ژیانیان لەسەر ئازاری پشت ناكەن، وەك كار و پۆستەكەت یان چۆنیەتی ئیدارەدانی رارایی و چۆنیەتی دانیشتن و ئاستی ئەو گوشارەی هەستی پێ دەكەیت و ئاستی جووڵانەوەی رۆژانەت.

روونی كردەوە، بۆیە رەنگە ئازاری پشت ئەگەر چەند نیشانەیەكی تری لەگەڵ بێت، ئاماژەیەك بێت بۆ حاڵەتی مەترسیدار، بۆ نموونە ئەگەر ئازاری سنگی لەگەڵدا بێت، كە نیشانەی بوونی كێشەیە لە دڵ یان حاڵەتی تری مەترسیدار، پێویستە لەو كاتانە سەردانی پزیشك بكرێت.

لە نیشانەكانی دڵەنۆرە، بوونی ئازاری سینگە، كە بۆ ناوچەی تری لەش بڵاو دەبێتەوە لەوانە بۆ پشت، جیا لە هەستكردنی بە سەرسووڕان و هەناسەتەنگی و هێڵنجهاتنەوە، ئەو پسپۆڕە دووپاتی دەكاتەوە، ئەگەر ئەو ئازارە دوای رووداوێكی مەترسیدار دەركەوت، وەك رووداوی هاتوچۆ، رەنگە بەهۆی رووداوەكەوە پێكانی شاراوە یان شكان رووی دابێت و راستەوخۆ بە دیار نەكەوێت، بۆیە پێویستە لەو حاڵەتانە شارەزایەكی تەندروستی بە خێرایی حاڵەتەكەت ببینێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل