چەوری سك و ورگ لە چ نەخۆشییك نزیكت دەكاتەوە؟

:: PM:06:53:11/02/2024 ‌

جیا لە دیمەنی بێزاركەر و دروستبوونی كێشە بۆ جلوبەرگ و شێوەی لەش، چەوری سك و ورگ چەندان كێشەی تەندروستییان بەدواوە دێت، پزیشكێكی رووسی ئاماژە دەكات كە كەڵەكەبوونی چەوری لە ناوچەی سك، دەكرێ ئاماژە بێت بۆ شەش جۆر نەخۆشی.

د. یانا كارتاییڤا، پزیشكی پسپۆڕی بواری خۆراك و شارەزا لە نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەرس دەڵێت، قەڵەوی ناوقەد، واتە كۆبوونەوەی چەوری لە دەوروبەری ئەندامەكانی لەناو سك هەن، ئەوەش پێوەستە بە زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بەو نەخۆشییانە، نەخۆشی دڵ و لوولەكانی خوێن، نەخۆشی شێرپەنجە، نەخۆشی شەكرە، نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەرس، واتە جگەر و میتابۆلیسم و بەردی زراو و گەڕانەوەی ترشەلۆكی گەدە بۆ سوورێنچك، نەخۆشییەكانی ئێسك و جومگە و نەخۆشییەكانی كۆئەندامی زاوزێ. 

ئەو پزیشكە روونی دەكاتەوە، بۆ دیاریكردنی كەڵەكەبوونی چەوری لە ناوچەی سك، پێویستە كێشی زیادی لەش حسێب بكرێت، باشترینیان حسێبكردنی پێوەری بارستەی لەشە " BMI"، ئەو پزیشكە روونی دەكاتەوە، دیاریكردنی بارستەی لەش گرنگە، بەڵام ئەویش یەكلاكەرەوە نییە، چونكە منداڵ و بەتەمەنەكان لە سەرووی 65 ساڵ و وەرزشوان و ژنانی دووگیان ناگرێتەوە، جیا لەوە رەنگە چەورییەكە تەنیا لە ناوچەی سك هەبێت، بەوەش ئەو پێوەرە تێك دەچێت، بۆیە باشترە تیرەی ناوقەدی مرۆڤ بێتە پێوانەكردن، كە پێویستە تیرەی ناوقەدی ژن لە 84 سانتیمەتر كەمتر بێت، لە پیاویش لە خوار 94 سانتیمەتر بێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل