جگە لە كوردستان ئاوی ڕووبارەكانی عێراق پیسە و بۆ خواردنەوە ناشێن

:: PM:05:33:21/02/2024 ‌

وڵاتی عێراق كە پشتی بە ئاوی ڕووبارەكانی بەستووە بۆ خواردنەوە، بە تەواوی ئەو ئاوە بەهۆی تێكەڵبوونی لەگەڵ ئاوەڕۆدا پیس بووە و بەكەڵكی خواردنەوە نایەت. 

یەكێكی تر لەو هۆكارانەی خەڵكی عێراق ناچار دەكات بێن لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێ ببن، پیسیی ئاوی خواردنەوەكەیانە كە گەیشتووەتە ڕادەیەك كە مەترسیی گەورە لەسەر ئاستی هەموو ناوچەكانیان دروست بكات، تەنانەت حكوومەتی عێراقیش ددانی بەمەدا ناوە و وێڕای ئەوەی كار لە كار ترازاوە، بەڵام هەوڵ دەدات هەرچۆنێك بێت لە ڕێی وەزارەت و لایەنە پێوەندیدارە جیاوازەكانەوە، ڕووبەڕووی ئەو هەڕەشەیە ببێتەوە.

بەپێی ئاماری نەتەوە یەكگرتووەكان، لە كۆی 43 ملیۆن عێراقی، ئاوی خواردنەوەی نیوەیان بەكەڵكی خواردنەوە نایەت، واتە جگە لە هەرێمی كوردستان و چەند شوێنێكی تر، ئاوی خواردنەوەی زۆربەی عێراق پیسە و لەگەڵ ئاوەڕۆدا تێكەڵ بووە.

خالید شەمال، گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكان دەڵێت، ڕووبارەكان بەرەو وشكبوون دەڕۆن، بەهۆی ئەو سیاسەتەی وڵاتانی دراوسێ بە گرتنەوەی ئاوی ڕووبارەكان پێڕەوی دەكەن، هەروەها بەهۆی پرۆژەكانی كەرتی تایبەت كە نزیكن لەسەر ڕووبارەكانەوە، هێندەی دیكە مەترسییان خستووەتە سەریان كە ئاوەڕۆیەكی زۆر دەڕژێتە ناو ئەو ڕووبار و جۆگەلانەوە و ئێستە ئاوی دیجلە و فورات بە هیچ شێوەیەك بەكەڵكی خواردنەوە نایەت.

لەناو ئەو پیسییەی ئاوی عێراق، حكوومەتی هەرێمی كودستان هەر لە سەرەتای كابینەی نۆیەمەوە، بایەخێكی تایبەتی بە كەرتی ئاو داوە بۆ ئەوەی زۆرترین ئاوی سەرزەوی بەكار بێت و ئاوی ژێر زەوی تا بكرێت بەكار نەهێندرێت، هەروەها چەندان پرۆژە جێبەجێ كران بۆ ئەوەی ئاوەڕۆكان لە ئاو دوور بخرێنەوە.



وشە - عەبدوڵا عومەر