باش بخەوە تووشی نەخۆشیی دڵ نابیت

:: PM:10:37:24/05/2024 ‌

توێژینەوەیەكی نوێ ئاشكرای دەكات، خەوی پێویستی ڕۆژانە، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و خوێنەبەرەكان كەم دەكاتەوە و تەنانەت ڕێ لە جەڵتەی مێشكیش دەگرێ.

ئەم توێژینەوە نوێیە كە لە گۆڤاری "JAMA Network Open"ـی زانستیدا بڵاو بووەتەوە، نوێكردنەوە و پشتڕاستكردنەوەی توێژینەوەیەكی پێشترە كە ساڵی پار لە گۆڤاری "دڵی ئەورووپی" بڵاو بووبووە و سەرەنجامەكەی ئەوەیە، هەر كەسێك پارێزگاری لە بەرنامەی خەوی بكات بۆ ماوەی دوو بۆ پێنج ساڵ، ئەگەرەكانی تووشبوونی هەموو ئەو نەخۆشییانەی پێوەستن بە دڵەوە كەم دەبێتەوە.

شیاومین چانگ، مامۆستا لە زانكۆی هواچۆنگ بۆ زانست و تەكنەلۆجیا لە وڵاتی چین، خۆی و تیمێكی هاوكاری، لێكۆڵینەوەیان لەسەر خەوی 15 هەزار و 300 كەسی خانەنشین كردووە كە ناوەندی تەمەنیان 66 ساڵە و نزیكی 58%ی ژنن و پێش ئەوەی لێكۆڵینەوەیان لەسەر بكەن، هیچیان شێرپەنجە یان نەخۆشیی دڵیان نەبووە.

لە سەرەنجامدا دەركەوت، ئەوانەی بە شێوەیەكی ڕێك خەوەكانیان جێگیر كردووە، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەكانی دڵ بە ڕێژەی 35% كەمتر بووە و ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵتەی مێشك بە ڕێژەی 52% كەمی كردووە.


وشە - عەبدوڵا عومەر