هۆشدارییه‌ك بۆ نه‌خۆشانی گورچیله‌ سەبارەت بە گۆشتی سوور

:: PM:12:13:01/04/2023 ‌
گۆشتی سوور به‌ هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك ماده‌ی خۆراكی و ڤیتامینه‌كان و كانزاكان له‌خۆ ده‌گرێت كه‌ پێویستن بۆ پاراستنی ته‌ندروستی له‌ش، وه‌ك پرۆتین، چه‌وری، كالیسیۆم، كالۆری، ئاسن، پۆتاسیۆم، سۆدیۆم، زینك و سیلینیۆم، هه‌روه‌ها جگه‌ له‌ گرووپێكی جیاواز له‌ ڤیتامینه‌كانی B، به‌ڵام هه‌ندێك نه‌خۆش هه‌ن كه‌ خواردنی گۆشتی سوور لێیان قه‌ده‌غه‌یه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ د. به‌ها ناجی ڕاوێژكاری كلینیكی خۆراكی ده‌ڵێ، هه‌ندێك نه‌خۆش هه‌ن خواردنی گۆشتی سووریان لێ قه‌ده‌غه‌یه‌ و ئه‌و نه‌خۆشانه‌شی كه‌ گۆشتی سوور ده‌خۆن، ده‌بێت ڕاوێژ به‌ پزیشكی پسپۆڕ بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی تووشی هیچ زیانێكی ته‌ندروستی نه‌بن.


ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی به‌ردی گورچیله‌

د. ناجی ئه‌وه‌ ڕوون ده‌كاته‌وه‌، له‌ حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر بڕی گۆشته‌كه‌ له‌ له‌شدا زیاد ببێت، ئه‌وا ده‌گۆڕێت بۆ ترشه‌ ئه‌مینییه‌كان، كه‌ ده‌شكێنرێت بۆ ترشی یوریك ئه‌سید، هه‌روه‌ها ئه‌و یوریكه‌ له‌سه‌ر جوومگه‌كان ده‌نیشێته‌وه‌ و ده‌بێته‌ هۆی تووشبوون به‌ نه‌خۆشیی زراو، یان له‌سه‌ر ماسوولكه‌كاندا ده‌نیشێت و ده‌بێته‌ هۆی ڕه‌قبوونی ماسوولكه‌كان، یان له‌ گورچیله‌دا ده‌نیشێت و ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی به‌ردی گورچیله‌، بۆیه‌ زیاده‌ڕۆیی له‌ خواردنیان قه‌ده‌غه‌یه‌.

ڕاوێژكاری چاره‌سه‌ری خۆراكی ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا، زانراوه‌ گۆشتی سوور "ماده‌ی پیورین"ی تێدایه‌، به‌مه‌ش كریستاڵه‌كانی ترشی یوریك له‌سه‌ر جوومگه‌كان كۆ ده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی تووشبوون به‌ هه‌وكردن و ئاوسانی جومگه‌كان، بۆیه‌ ئامۆژگاریی نه‌خۆشانی تووشبوو به‌ نه‌خۆشیی زراو ده‌كرێ كه‌ خۆیان له‌ خواردنی بڕێكی زۆر له‌ گۆشتی سوور به‌دوور بگرن، بۆ ئه‌وه‌ی تووشی ئازاری جوومگه‌كان و سووربوونه‌وه‌ و هه‌وكردنیان نه‌بێت.

د. به‌ها ناجی، هۆشداریی دا به‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌ده‌ست كێشه‌ی كاركردنی گورچیله‌كانه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، یان هه‌ندێك نه‌خۆشی به‌رگریی له‌شیان هه‌یه‌ وه‌ك هه‌وكردنی جوومگه‌كانی ڕۆماتیزم و گورگه‌سووره‌، ده‌بێت خۆیان له‌ خواردنی گۆشتی سوور به‌دوور بگرن. دووپاتی له‌وه‌ش كرده‌وه‌، بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ش قه‌ده‌غه‌یه‌ كه‌ به‌ده‌ست تووشبوونیان به‌ تای ده‌ریای ناوه‌ڕاسته‌وه‌ ده‌ناڵێنن.


وشە - كەژاڵ كەمال