قایمقامی هەولێر: 100 تۆن مادەی خۆراكی نەشیاو بۆ خواردن دەستی بەسەردا گیرا

:: PM:01:07:01/04/2023 ‌
مانگی رەمەزان ئارەزووی خواردن و مادە خۆراكییەكان لەلای رۆژووانان زیاتر دەبێت، بەڵام قایمقامی هەولێر رای دەگەیەنێت، لە ماوەی 10 رۆژی ئەم مانگەدا 100 تۆن خۆراكی مادەی تێكچوو و نەشیاو بۆ خواردن دەستی بەسەردا  گیراوە.

ئەمڕۆ شەموو یەكی نیسان، نەبەز عبدولحەمید قایمقامی هەولێر، بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە كرد، لە ماوەی 10 رۆژی مانگی رەمەزاندا 100 تۆن مادەی خۆراكی نەشیاو دەستی بەسەردا گیراوە.

كە رەنگی تێكچووبوو، یان بۆنی لێ هات و تامەكەی گۆڕابوو، ئەوە بە تێكچوو دادەنرێت و هاووڵاتییان نابێت بەكاری بهێنن

قایمقامی ناوەندی هەولێر روونی دەكاتەوە، لەو ماوەیەدا حەوت شوێن بە هۆی پابەند نەبوون بە رێنوێنییە تەندروستییەكان داخراون.

هاوكات رۆژی پێنجشەم 30 ئادار، دەست بەسەر زیاتر لە دوو تۆن خورما و تەمەرهیندی گیرا. لیژنەی پزیشكی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، ئەوانە شیاوی خواردن نەبوون و داواشی لە هاووڵاتییان كرد بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە خورمایانە بكەن.

لە رووی پزیشكییەوە خورما كە رەنگی تێكچووبوو، یان بۆنی لێ هات و تامەكەی گۆڕابوو، ئەوە بە تێكچوو دادەنرێت و هاووڵاتییان نابێت بەكاری بهێنن.

ئەوە لە كاتێكدایە  هاووڵاتییان لە مانگی رەمەزان و بۆ بەربانگ، زیاتر خورما بەكار دەهێنن و ئارەزووی خواردنی جۆراوجۆر و لە بازاڕەكاندا خواستی زۆریان لەسەر دەبێ.


وشە - زریان تەها