چۆن دەزانی كێشەی غودەت هەیە؟

:: PM:09:59:25/05/2023 ‌

رژێنی دەرەقی، رژێنێكی بچووكە و دەكەوێتە خوار ناوچەی مل، دوو جۆر هۆرمۆن بەرهەم دێنێت، سایرۆكسین (T-4) و سێیەم یۆدۆسیرۆنین (T-3)، كە هەردووكیان كار لەسەر رێكخستنی تێكڕای بەكارهێنانی لەش بۆ چەوری و كاربۆهیدرات و كۆنترۆڵكردنی پلەی گەرمی لەش دەكەن، كاریگەریشیان لەسەر لێدانی دڵ هەیە و یارمەتی كۆنترۆڵكردنی ئەو بڕە پرۆتینەش دەدەن كە لەش بەرهەمی دێنێت.

هەر كەمی یان زیادەییەك لە ئاستی ئەو هۆرمۆنانە بە كێشە یان نەخۆشی رژێنی دەرەقی ناو دەبرێت، كە دوو حاڵەتە، خامۆشی یان تەمبەڵی غودە، كاتێك رژێنەكە بڕی پێویستی هۆرمۆنی دەرەقی دەرنادات، هەروەها هار و هاجی دەرەقی، كاتێك رژێنەكە بڕێكی زۆر و زیاد لەو هۆڕمۆنە دەردەدات.  

لە نیشانەكانی كێشەی كەمیی دەردانی رژێنی دەرەقی، زیادبوونی كێش و ماندووبوون و لاوازیی ماسولكەكان و خاوبوونەوەی لێدانی دڵ، هەستیاری بۆ سەرما و قەبزی و ئاوسانی دەموچاو و گڕیی دەنگ و زبریی قژ و پێست و ناڕێكی و زۆر خوێنهاتن لە كاتی سووڕی مانگانە، تەنكبوونی قژ و خەمۆكی و كێشە لە یادەوەری.

هەرچی نیشانەكانی هاری یان زیاد دەردانی رژێنەكەیە، كەمبوونی كێش و خێرابوون و ناڕێكیی لێدانی دڵ و دڵەكوتێ، زۆر هەستكردن بە برسیەتی و ئاوسانی رژێنی دەرەقی و هەستكردن بە ماندوبوون و لاوازیی ماسولكەكان و كێشە لە خەوتن، دەمارگیری و رارایی و لەرزینی دەست و پەنجەكان، ئارەقەكردن و هەستیاری بۆ گەرما و  گەمی و شێداریی پێست، گۆڕان لە سووڕی مانگانە و جۆر و ژمارەی جارەكانی پاشەڕۆكردن، تەنكبوونەوە و ناسكبوونی پێست، تێكچوونی قژ و لاوازبوونی.      



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل