لە سلێمانی كۆلێرا بڵاو بووەوە

:: AM:11:31:31/08/2023 ‌
بەرپرسێكی تەندروستی رای گەیاند، دوای تۆماركردنی حاڵەتەكانی سكچوون، لە پشكنینەكاندا دەركەوت چوار كەس تووشی كۆلێرا بوونە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 31ـی ئاب، رزگار عەلی بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رای گەیاند، لە شاری سلێمانی چوار حاڵەتی تووشبوون بە كۆلێرا تۆمار كراوە و 70 حاڵەتی تریش لە پشكنیندان.

زیاتر گوتی، هەموو رۆژێك 100 كەس بە سكچوون و رشانەوە لە نەخۆشخانەی شار داخل دەكرێن و چارەسەریان پێشكەش دەكرێت.

باسی لەوەش كرد، پشكنینەكان بەردەوامن تا بزانین چەند كەسی تر تووش بوون، بۆیە لە كاری خۆمان بەردەوام دەبین و زۆرترین خزمەتگوزاری پێشكەش دەكەین.

دوو هەفتە زیاترە شەپۆلێكی سكچوون و رشانەوە لە هەرێمی كوردستان بەتایبەت لە سلێمانی سەریهەڵداوە و بە هەزاران كەس تووش بوون، لە سنووری گەرمیانیش سەرجەم نەخۆشخانەكان پڕ لە نەخۆش بوون.

كۆلێرا لە ئەنجامی سەوزە و ئاوی پیس بڵاو دەبێتـەوە، لە ماوەی رابردووشدا بەرپرسانی تەندروستیی سلێمانی چەند بڕیارێكیان لەوبارەیەوە دەركرد.



وشە - رامیار جەواد