باڵەخانەیەك بۆ چارەسەركردنی تووشبووانی مادەی هۆشبەر دروست دەكرێت

:: AM:11:44:15/10/2023 ‌
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی رای گەیاند، حکوومەت پلانی هەیە باڵەخانەیەك بۆ چارەسەركردنی تووشبووانی مادەی هۆشبەر دروست بکات. ئەو دەڵێ چارەسەریی تووشبووان تەنیا بە وەزارەتی تەندروستی یان وەزارەتی كار چارەسەر ناكرێت، ، چەند وەزارەتێك و پسپۆڕییەك بەیەكەوە بەهاوئاهەنگی هەوڵی ئەوە بدرێت كار لەسەر ئەو بابەتە بكرێت.

ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كۆنفرانسی "بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵییەكان" لە هەولێر بەڕێوە چوو، لە وتارێكدا گوتی، نابێ هیچ كەمتەرخەمییەك لە سزادانی بازرگانیی مادەی هۆشبەر بكرێ.

ئەمڕۆ یەكشەم 15 تشرینی یەكەم، دكتۆر دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر، بە "وشە"ی راگەیاند، بابەتی چارەسەری مادەی هۆشبەر، تاكلایەنە چارەسەرەكەی ئەستەمە، بۆیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كاری لەسەر دەكات، ئەوە تەنیا بە وەزارەتی تەندروستی ناكرێت، یا وەزارەتی كار، ئەو چارەسەركردنە دەكرێت چەند وەزارەتێك و پسپۆڕییەك بەیەكەوە بەهاوئاهەنگی هەوڵی ئەوە بدرێت كار لەسەر ئەو بابەتە بكرێت.

دلۆڤان دەڵێ، "بەپێی زانیارییەكانمان سەرۆكی حكوومەت و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریان لەسەر ئەوە داوە كە سەنتەرێكی چارەسەركردنی مادەی هۆشبەر دروست بكرێت، لە شارەكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك. ئەو كارە زیاتر وەزارەتی كار پێی هەڵساوە، بەڵام بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی، چونكە سەرەڕای دابینكردنی چارەسەر، پێویستی بە چارەسەری ژیانەوە هەیە، واتە ئەو كەسەی ئالوودەی مادەی هۆشبەرە، سەرەتا دەبێت چارەسەری پزیشكی وەربگرێت، دواتر ئامادە بكرێت بۆ ناو كۆمەڵگە بۆ ئەوەی چیتر روو لەم كارە نەكاتەوە".

زیاتر گوتی، هەندێك جار لە رووی تەناهی و كاری ناوخۆییەوە دەبێت ئەوە بێت، ئەوانەی بەكارهێنەرن رەنگە خۆیان بازرگانی ئەو مادە هۆشبەرە بن، هەر ئەوان بۆ خەڵكی تری دابین بكەن، بۆیە دەبێت ئەو گرفتە كۆنترۆڵ بكرێت، هەرچەندە ئێمە لەلایەن كاری تەناهییەوە دەبینین، چەندان باند و خەڵك دەگیرێن كە خەریكی كڕین و فرۆشتن و خواردنی مادەی هۆشبەرن.

"ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر، ئێستە لە هەوڵی دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی گەورەی دەروونین لە شاری هەولێر كە لەلایەن خێرخوازانەوە دروست دەكرێت، نزیكەی 27 هەزار مەتر دووجایە، جگە لەوەی ئەو شوێنانە چارەسەركردنی دەروونی دەبێت، بڕیار وایە باڵەخانەیەكیش بۆ چارەسەركردنی مادەی هۆشبەر دروست بكرێت، بۆ ئەوەی چارەسەرییان پێ بدەین". دكتۆر دلۆڤان وا دەڵێ.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆر بە رژدی و بە فراوانی كار لەسەر قەڵاچۆكردن و بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی مادەی هۆشبەر دەكات، هەموو هەوڵێك دەخاتە كار رێ لە تەشەنەكردن و بڵاوبوونەوەی زیاتری بگرێت. لەم چوارچێوەیەدا لە ساڵی 2020 یاسای ژمارە 1ـی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەر و كارتێكەرە عەقڵییەكان لە هەرێمی كوردستان پەسند كرا، كە دەبێت هەموو لایەنە پێوەندیدارەكانی هەرێم هاوئاهەنگ و هاوكاربن بۆ جێبەجێكردنی ئەم یاسایە.


وشە - لاڤین عومەر