بۆ پەتای وەرزیی حەبی ئەزیسرۆمایسین بەكار مەهێنن

:: AM:10:42:13/11/2023 ‌

 

حەبی ئەزیسرۆمایسین كە زۆربەی خەڵك لە كاتی گرتنی پەتا وەرزییەكان بەكاری دەهێنن، كارلێك دەكات لەگەڵ دەرمانەكانی دژەچەوریی وەك ئەتۆرڤاستاتین، بۆیە دەبێت بە چاودێریی پزیشك بەكار بێت. لەمبارەیەوە پزیشكێكی كورد هۆشداریی دەدات كە ئەو حەبەی لەناو خەڵك بە سێ دەنكۆڵەیی و شەش دەنكۆڵەییە ناسراوە، بۆ پەتای وەرزیی بەكار نەهێنن.

د. زانیار ئاغا پزیشكی پسپۆڕی هەناو لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕای گەیاندووە، لەگەڵ سەرهەڵدانی پەتای وەرزیی، بەشێك لە هاووڵاتییان ئەم دەرمانە بەكار دەهێنن كە پێی دەڵێن حەبە سێ دەنكییەكە یان شەش دەنكەكە، بەپێی ژمارەی ناو پاكەتەكە، ئەم دەرمانە ئەزیسرۆمایسینە كە خۆی دەرمانێكی دژە بەكتریایە و بۆ نەخۆشیی ئەنفلەوەنزا نابێت.

ئەو پزیشكە ڕای گەیاندووە، زۆرجار خەڵك سەربەخۆ دەرمانەكە دەكڕن كە شتی وا لە هیچ شوێنێكی دنیادا نییە و ئەو ڕێیە زانستی نییە، ئەگەر دەسەڵاتی تەندروستی بەهێز بێت، مرۆڤ نابێت بەبێ ڕەچەتەی پزیشك، دەرمانی دژەبەكتریا بەكار بهێنێت. ئەگەر ڕێكاری یاسایی و چاودێریی وەزارەتی تەندروستیش هەبێت، نابێ ئەو نۆرینگانە بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ نەخۆش بكەن و هەركەس چووە لایان، بەئاسانی كۆڵێك دەرمانی پێ بفرۆشن.

د. زانیار ئاغال ئاماژەی بەوەش داوە، بەكارهێنانی ئەزیسرۆمایسین وا دەكات لاشەت توانای بەرگریی نەمێنێت بەرانبەر پەتا، جگە لەوە وا دەكات لە كوردستان میكرۆبەكان چیتر نەكوژرێن بەم دەرمانانە، چونكە حەبی ئەزیسرۆمایسین كارلێك دەكات لەگەڵ دەرمانەكانی دژەچەوریی وەك ئەتۆرڤاستاتین، بۆیە دەبێت بە چاودێریی پزیشك بەكار بێت و تەنانەت زۆرجار پێویستە دەستكاری دەرمانی چەورییەكە بكرێت.

لە زۆربەی ڕەچەتە پزیشكییەكاندا نووسراوە، ئەم دەرمانە سەربە كۆمەڵەی دژەزیندەییە ماكرۆلیدەكانە (macrolide antibiotics) كە بۆ چارەسەری تووشبوونی میكرۆبی كورتخایەن و درێژخایەنیش بەكار دێن، شێوازی كاركردنیان بریتییە لە ڕاگرتنی گەشەی بەكتریای هۆكاری نەخۆشی لەڕێی ڕێگریكردن لە دروستبوونی پرۆتینەكانی بەكتریا لە لەشدا و ڕێگریی لە زیادبوونیان دەكات.



 



وشە - سۆران عەزیز