وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا ریكلام كردن بۆ گشت ئەو چا و قاوانەی كە تایبەتن بە دابەزاندن یا زیادكردنی كێش قەدەغە بكرێت و فرۆشتنیان تەنیا لە دەرمانخانەكان رێگەپێدراو بێت، ئەمەیش دوای ئەوەی ستیكەری كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمانیان لێ دەدرێت.
بەپێی فەرمانێكی وەزاری كە لە 28ی تشرینی دووەمی 2023 بە ژمارە " 7903" لە وەزارەتی تەندروستی بە واژووی "د.سامان بەرزنجی" وەزیری تەندروستی دەرچووە، پاڵپشت بە خاڵی 20 لە مادەی 2ی یاسای وەزارەتی تەندروستی ژمارە 15ی ساڵی 2007 و مادەی 31 لە رێنمایی ژمارە 5ی ساڵی 2023، سەبارەت بەو چا و قاوانەی بەمەبەستی دابەزاندن یا زیادكردنی كێش بەكاردەهێنرێن و لە بنەڕەتدا پێكهاتەكەیان دەرمانە، پێویستە تەنیا لە رێگای kmca " كوالێتیی كۆنتڕۆلی جۆریی دەرمان" رێگای هاوردەكردنیان پێ بدرێت و ستیكەری لێبدرێت و تەنیا لە دەرمانخەكان بفرۆشرێت.
لە بەشێكی تری فەرمانە وەزارییەكەدا كە كۆپییەكی دەست "وشە" كەوتووە هاتووە، ریكلام كردن بۆ ئەم جۆرە چا و قاوانە بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە لە راگەیاندنەكانی بینراو، بیستراو، نووسراو و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان، هەركەسێك پابەند نەبێت رێكاری یسایی توندی بەرانبەر دەگیرێتە بەر.
ئەمە لە كاتێك دایە هەفتەی پێشوو، تیمەكانی چاودێریی تەندروستی و سەلامەتیی خۆراك سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی تەندروستی، لە ئەنجامی پشكنین و بەدواداچووندا، دەستیان بەسەر زیاتر لە 140 پاكەت قاوەی كێش دابەزاندندا گرت كە لە ڕێی سۆشیال میدیاوە ریكلامی بۆ دەكرا، كە رێگەپێدانی فەرمیی وەزارەتی تەندروستییان نەبوو.