كەمبوونەوەی ئارەزوو و خواستی سێكس یەكێكە لە كێشەكانی تەواوی مرۆڤایەتی بە ژن و پیاوەوە، رەنگە هەندێك لە هۆكارەكانی پێوەست بێت بە نەخۆشی یان تەمەن یان هۆكاری ترەوە، بە گشتی كار لە ژیانی مرۆڤ دەكات و تووشبوو ژیانێكی نائاسایی دەبێت، بەڵام هۆكارەكانی چین؟
زۆرجار هۆكاری نەمان یان كەمبوونەوەی خواستی سێكسی بۆ یەك یان هۆكارگەلێك دەگەڕێتەوە، بە گشتی ئەوان كار لە مێشك و دەروونی مرۆڤ دەكەن، كە مرۆڤیش سەرنجی خستە سەر كێشەكە دۆخەكە ئاڵۆزتر دەبێت، بۆیە پێویستە هەر لەگەڵ دەركەوتنی زوو چارەسەر بكرێت.
لە هۆكارەكان، وەك د. مادۆ جۆنیجا دەڵێت، هۆكاری جەستەیی، وەك شێوان و گۆڕانكاریی هۆرمۆنی لەوانەش هۆرمۆنی تستۆستیرۆن لە پیاو و ئەسترۆجین و پرۆجیسترۆن لە ژن، كە كار دەكەنە سەر خواستی سێكسی، هەندێك حاڵەت و نەخۆشی، وەك شەكرە و كێشەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن و هەستە دەمارەكان، بە گشتی نەخۆشییە درێژخایەنەكان حاڵەتەكە دروست دەكەن، ئەوە جیا لە كاریگەریی هەندێك جۆر دەرمان، وەك دژەخەمۆكی و دژەدووگیانی.
هۆكاری دەروونی، وەك ماندوویی و شەكەتی و راڕایی بەهۆی كار و خراپیی دۆخی دارایی و سترێس و كێشە كەسییەكان و زۆر بیركردنەوە، خەمۆكی كار لە مێشك و ژیان و لایەنی سێكسی مرۆڤ دەكات، ئەوە لە پاڵ كێشە لە پێوەندییەكان لەگەڵ هاوسەر و لایەنی سۆزداری.
هۆكاری پێوەست بە شێوازی ژیان، وەك كەمخەوی و ماندووبوون و خەوزڕان و خراپیی خۆراك و وەرزشنەكردن، ئەوانەش كار لە شێوازی ژیان و سیستمی خۆراك دەكەن و ناسەقامگیری دەكەن، هاوكات خواستی سێكس كەم دەكەنەوە.
هۆكارەكانی پێوەست بە تەمەن، كاتێك لەگەڵ چوونە ناو تەمەنی مرۆڤ گۆڕانكاری لە دەردانی هۆرمۆنەكان دروست دەبێت و دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی خواستی سێكسی، لەوانە وەستانی سووڕی مانگانەی ژن، جیا لەوانەی باس كران زۆر خواردنەوەی كحول و جگەرەكێشان و بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر، ئەوانەش بە نەرێنی كار دەكەنە سەر حاڵەتەكە و زیاتری دەكەن.