ڤیدیۆ: لە گەرمیان گەنجێك سێ جار دڵی وەستا و ژیانی رزگار كرا

:: PM:09:44:09/02/2024 ‌
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان رای گەیاند، گەنجێك دوای سێ جار وەستانی دڵی، ژیانی بۆ گەڕایەوە و توانرا لە مردن رزگار بكرێت. 

دوا رێنوێنییە پزیشكییەكان باس لەوە دەكەن كاتێك مرۆڤ بەهۆی جەڵتەی دڵ یا هۆكارێكی تری تەندروستییەوە دڵی لە وەستان دەكەوێت، نابێت زوو جێبهێڵدرێت و مردنی رابگەیەنرێت، بەڵكو دەبێ هەموو هەوڵێك بۆ بووژانەوەی دڵی بدرێت. 

ئەمڕۆ نۆی شوباتی 2024، گەنجێكی تەمەن 24 ساڵ "لەدایكبووی 2000" گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی شەهید هەژار لە كەلار بەهۆی كێشەی تەندروستیی دڵەوە، تەندروستی گەرمیان بڵاوی كردووەتەوە كە نەخۆشەكە سێ جار دڵی لە لێدان كەوت و دەستبەجێ ستافی فریاكەوتن سەعاتێك شێلانی دڵی بۆ ئەنجام دەدەن لە پێناو بوژانەوەی دڵیدا و دوای سێ سەعات مانەوەی لە نەخۆشخانە باری تەندروستی نەخۆشەكە جێگیر دەبێت و دڵی دوای سێ جار وەستان دەست دەكاتەوە بە ئیش كردن. 

تەندروستی گەرمیان بڵاوی كردووەتەوە، دوای جێگیر بوونی تەندروستی گەنجەكە، رەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی كرا و ئێستەیش بەهۆی جێگیرتر بوونی دۆخی تەندروستییەوە گەڕاوەتەوە ماڵەوە.





وشە - پۆڵا مەحموود