قەڵەوی و زیادبوونی كێش سەرچاوەی هەموو نەخۆشییەكانن، كە لە ئەنجامی وەرزشنەكردن و شێوازی هەڵەی ژیان و كەمجووڵانەوە و سیستمی ناهاوسەنگی خۆراك سەر هەڵدەدەن، رەنگە ئەنجامدانی راهێنانی وەرزشی بۆ زۆرێك لە رووی كات و تواناوە زەحمەت بێت، توێژەرانی ئەمەریكا جۆرە حەبێكیان بەرهەم هێنا شوێنی وەرزشكردن دەگرێتەوە.
توێژەرانی زانكۆی واشنتن لە ئەمەریكا دەڵێن، ئەو حەبە وا دەكات لەشی مرۆڤ لە حاڵەتی دانیشتنەوە وەك ئەوە كار بكات كە راهێنانی وەرزشی ئەنجام دەدات، بەوەی دەتوانێت بێ ئەنجامدانی وەرزش سوودەكانی پێ بگات، كاتێك كاریگەریی ئەو حەبە هاوتای ئەنجامدانی راهێنانی وەرزشییە و وا دەكات لەش بێ جووڵەكردن كار بكات، بەوەش كێشی ئەو كەسە دادەبەزێت.
ئەو حەبە نوێیە كاریگەرییەكی هاوتای كاریگەری راهێنانە وەرزشییەكانی لەسەر میتابۆلیسم و هەرسكردنی خۆراك و گەشەی ماسولكە خانەكان هەیە، قەرەبووی پووكانەوەی ماسولكەكانیش دەكاتەوە، سوودی بۆ ئەو كەسانە دەبێت كە بەهۆكاری نەخۆشی یان پیری و لاوازییان ناتوانن وەرزش بكەن.
ئەو حەبە كار بۆ چالاككردنی ئەو شوێنانەی خانەكانی لەش دەكات كە لە رێگەی وەرزشكردنەوە چالاك دەبن، بۆیە هەمان كاریگەریی وەرزشیان هەیە و پارێزگاری لە بارستەی ماسولكەی لەش دەكەن و ناوەندەكانی وزە لە خانەكان چالاك دەكەن.
بەها جوندی، توێژەری سەرەكیی لە زانكۆی واشنتن دەڵێت، ئەو تەكنیكە زیاتر بۆ كەسانی بەتەمەنداچوو سوودی هەیە، جیا لەوانەی پەككەوتەیی و لاوازیی ماسولكەیان هەیە، بەگشتی بۆ ئەوانەیە كە بەهۆكاری جەستەییەوە ناتوانن وەرزش ئەنجام بدەن، لەپاڵ ئەو كەسانەی زۆر سەرقاڵن یان تەمبەڵن و كاتیان نییە یان ناتوانن وەرزش بكەن.