پزیشكێكی پسپۆڕ داوا له‌ دایكان و باوكان ده‌كات رێگریی نه‌كه‌ن له‌ كوتانی منداڵه‌كانیان

:: PM:12:04:16/04/2024 ‌
ئه‌مڕۆ له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵمه‌تی كوتانی منداڵان دژی سێ جۆر نه‌خۆشی ده‌ستی پێ كرد، پزیشكێك داوا له‌ دایك و باوكان ده‌كات رێگریی نه‌كه‌ن، چونكه‌ بۆ ته‌ندروستیی منداڵه‌كانیان و كۆمه‌ڵگه‌ به‌سووده‌.

دكتۆر بێریڤان عه‌دنان  پسپۆڕی خۆپاراستنی ته‌ندروستی و نه‌خۆشییه‌ گوازراوه‌كان، به‌ ''وشه‌''ی راگه‌یاند، هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ دژی سێ جۆر نه‌خۆشییه‌ كه‌ بریتین له‌ سۆریكه‌ یان سوورێژه‌، سوورێژه‌ی ئه‌ڵمانی و جۆراپاك.

ئه‌و روونی كرده‌وه‌ ئامانجه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌، بۆ بنبڕكردنی نه‌خۆشیی سوورێژه‌یه‌ كه‌ مه‌ترسیداره‌ و هه‌موو منداڵێك ده‌بێت له‌ نۆ مانگی ژه‌می یه‌كه‌می لێ بدرێت، له‌ دوای ساڵێك و سێ مانگ ژه‌می دووه‌م و دوای چوار ساڵیش ژه‌می تر وه‌ربگرێت.

وه‌ك زیاتر خستیه‌ روو، هه‌ندێك جار دایك و باوك كه‌مته‌رخه‌می ده‌كه‌ن و منداڵه‌كانیان ناكوتن، ئه‌و منداڵانه‌ی هاتوونه‌ته‌ سه‌ره‌تایی و ئه‌و ژه‌مه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌، ده‌بێت لێیان بدرێت.

هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ نیشتمانییه‌ و له‌ به‌غدا له‌ 14ی ئه‌م مانگه‌وه‌ ده‌ستی پێ كردووه‌، له‌ هه‌رێمی كوردستانیش له‌مڕۆوه‌ ده‌ستی پێ كردووه‌ و 292 هه‌زار مندال پێكوته‌كه‌یان لێ ده‌درێت كه‌ بۆ ماوه‌ی 10 رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت، پلانه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ته‌واوی ئه‌و منداڵانه‌ بكوترێن

مه‌به‌سته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌رگریی كۆمه‌ڵگه‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و نه‌خۆشییانه‌ به‌رز بكرێته‌وه‌.
پزیشكه‌كه‌ داوای له‌ دایك و باوكان كرد هاوكار بن و رێگر نه‌بن له‌ كوتانی منداڵه‌كانیان، مه‌به‌سته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌رگریی كۆمه‌ڵگه‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و نه‌خۆشییانه‌ به‌رز بكرێته‌وه‌.

به‌گوته‌ی ئه‌و پزیشكه‌، سێ ساڵه‌ حاڵه‌تی سوورێژه‌ زۆر بووه‌ و ته‌نیا منداڵیش تووشی نابن، به‌ڵكو گه‌وره‌ش تووشی ده‌بن، بۆیه‌ ناكرێ منداڵێك لێی بدرێ یه‌كێك لێی نه‌درێ و ئه‌گه‌ر منداڵان لێیان درا، ئه‌وا له‌ كاتی گه‌وره‌بوونیشدا لێی پارێزراو ده‌بن.

دكتۆر بێریڤان باسی له‌و حاڵه‌تانه‌ كرد كه‌ نابێ بكوترێن، یه‌كه‌میان ئه‌و  منداڵه‌ی یه‌كه‌م ژه‌می لێ درابێت و تووشی هه‌ستیارییه‌كی زۆر بووبێت، ئه‌وا لێی نادرێت، ئه‌و منداڵانه‌ی تالاسیمیایان هه‌یه‌ و خوێن وه‌رده‌گرن، پێویسته‌ دوای سێ مانگ وه‌ری بگرن، هه‌روه‌ها ئه‌و منداڵه‌ی كه‌ نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌ی هه‌یه‌ و چاره‌سه‌ریی كیمیایی وه‌رده‌گرێت، ئه‌وا ناتوانێت وه‌ری بگرێت. 



وشە - سلێمان تاشان